رووداو دیجیتاڵ
سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد. باڵیۆزەکەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە هەموو کاتێکدا وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەکات."
رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئەلێكساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە ئیمانوێل مینیۆ، كۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، "باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ئاماژەی بەوە دا كە لە هەموو كاتێكدا وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری رۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی دەکات."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق "ئەوەشی خستەڕوو، سیاسەتی فەرمیی فەرەنسا پشتیوانیكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییە هەمەلایەنەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستانە؛ چونكە هەرێمی كوردستان رۆڵێكی كاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكەدا دەگێڕێت."
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراقی كرد، "هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە تازەكەیدا." جەختیشی لەوە كردووەتەوە، "گەلی كوردستان بە چاوی ستایش و رێزەوە سەیری گەل و حكومەتی فەرەنسا دەكات بۆ هەموو ئەو پاڵپشتییانەی بەرانبەر گەلی كوردستان هەیانبووە و راشیگەیاند: هەرێمی كوردستان شانازی بەو پەیوەندییانە دەكات و پەیوەندیی نێوان هەردوولا لە ئەولەوییەتەكانی ئێمەیە."
بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.



