رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان بۆ تەواوکردنی کارەکانی لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (مانگی 11)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی لە دهۆک و سلێمانی کارەکانیان تەواو کردووە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێ، هەوڵ دەدەن هەفتەی داهاتوو لیستەکە بنێرن بۆ بەغدا.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 12ـی مانگەوە لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەممان بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە کردووە. ئەگەر هیچ کارێک نەیەتە پێشەوە، مانگانە پێش 15ـی مانگ لیستەکە ئامادە دەکەین و دەینێرین. ئەم مانگەش زوو کارەکانمان تەواو کردن".
هاوکات سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش کارەکانمان تەواو کردوون، چەند رۆژێکە لیستەکەمان رادەستی گەنجینەمان کردووە و ئەوانیش بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرن".
لەبارەی کاتی تەواوبوونی گشتیی لیستەکە و ناردنی بۆ بەغدا، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئامادەکارییەکانی لیستی مووچە دەستیان پێکردووە، بەڵام هەندێک کار ماون. لیستەکە ئەم هەفتەیە تەواو نابێت، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدرێ هەفتەی داهاتوو بۆ بەغدا بنێردرێ".
رۆژی 22-10-2026 شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
دواتر لە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بەغدا شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نارد و رۆژی 8ـی مانگ دابەشکردنی دەستیپێکرد و پاش چوار رۆژ کۆتایی پێهات، بەڵام ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.


.webp&w=3840&q=75)

