رووداو دیجیتاڵ
دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی نەوتەکەی بەغدا، ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ماڵاندا کرا و هەر خێزانێک 100 لیتر وەردەگرێت.
رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "درەنگی شەوی رابردوو نەوتەکەمان بەدەستگەیشت و تەواوی ئامادەکارییەکان کراون؛ ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ماڵاندا دەکرێت و هەر ماڵێک 100 لیتر وەردەگرێت".
بەگوێرەی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی دهۆک، قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی ئەو نەوتە لە ناوچە شاخاویەکانی سنووری پارێزگاکە جێبەجێ دەکرێت.بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی: "قۆناخی یەکەم لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی سنووری ئامێدی، کانی ماسی و بێکۆڤا دەبێت".
سەبارەت بە کاتی گەیشتنی نەوتەکە بۆ هەولێر، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ نەوتی پارێزگای هەولێریش بگات، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی دەکەین".
دوێنێ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ، یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بارکراوە و ئەمشەو پشکی پارێزگای دهۆک دەگات.
ناردنی ئەم بەشە نەوتە دوای ئەوە هات کە رۆژی 2ـی ئەم مانگە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دا، دواتریش لە 4ـی مانگدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت دەربڕی.
بەگوێرەی بڕیارەکە، نرخی نەوتەکە هاوشێوەی نرخی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت، کە بۆ هەر لیترێک 250 دینار دیاری کراوە.
.webp&w=3840&q=75)



