رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ناحیەی رۆڤیای سەر بە پارێزگای دهۆک، 788 پارچە زەوی وەک قۆناخی یەکەم بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت، بەڵام ئەم پرۆسەیە ناکۆکییەکی قووڵی لەنێوان بەشێک لە جووتیارانی سنوورەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتدا دروست کردووە. خاوەن موڵکەکان دەڵێن، شێوازی قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانیان نادادپەروەرانەیە و مافیان پێشێل دەکات، لەبەرامبەردا، بەرپرسانی ئیداری و کشتوکاڵی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسا دەکەنەوە و رایدەگەیێنن کە سکاڵای جووتیاران لەلایەن دادگەوە رەتکراوەتەوە.
کێشەکە لە کوژاندنەوەی نزیکەی 300 دۆنم زەوی لە پارچە زەوی ژمارە (1/16)ـی کەرتی 26/جوجر گەورە سەریهەڵداوە، کە رووبەرە گشتییەکەی هەزار و 89 دۆنمە و بە شێوەی هاوبەش (مشاع) بە ناوی 52 جووتیارەوە لە تاپۆدا تۆمار کراوە.
بە گوتەی جووتیارە ناڕازییەکان، ئەو 300 دۆنمەی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا کوژێنراوەتەوە، لە (واقیع)ـدا تەنیا موڵکی نزیکەی 26 جووتیارە، بەڵام لەکاتی قەرەبووکردنەوەدا، تەواوی 52 خاوەن پشکەکە قەرەبوو وەردەگرن. ئەمەش وایکردووە ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان بەر پرۆژەکە نەکەوتووە، ببنە هاوبەش لە قەرەبووی ئەو جووتیارانەی کە زەوییەکانیان لەدەستداوە.
ئەیاد نەوزاد، کە خۆی وەک نوێنەری 25 خاوەن موڵکی زیانلێکەوتوو ناساند، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "کەسانێک هەن کە زەوییەکانیان دوورە و یەک مەتر چوارگۆشەشیان بەر کوژاندنەوە نەکەوتووە، کەچی 20 بۆ 30 پارچە زەوییان وەک قەرەبوو بۆ دەرچووە. ئەمە پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە."
جووتیارە ناڕازییەکان ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (9239) دەکەن کە لە 29ـی تەممووزی 2025 دەرچووە و تێیدا هاتووە کە "کوژاندنەوەکان هاوشێوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بکرێت." بە بڕوای ئەوان، ئەمە بە واتای مامەڵەکردن دێت لەگەڵ خاوەنی راستەقینەی زەوییەکە، نەک هەموو ناوەکانی سەر تاپۆ هاوبەشەکە.
یونس نیهاد، یەکێکی دیکە لە خاوەن موڵکەکان، دەڵێت: "ئێمە داوا دەکەین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ بکرێت وەک چۆن لە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەرمان وەک بەردەڕەش، دارەتوو، قەسرۆک و کەلەکچی کراوە، تاوەکو کێشە دروست نەبێت."
بەرپرسانی حکومەت بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە و جەخت لەسەر رێکارە یاساییەکان دەکەنەوە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک و سەرۆکی لیژنەی قەرەبووکردنەوە، بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی یاسا، ئەگەر زەوییەک هاوبەش بێت، دوو رێگە هەیە: یان دەبێت هەموو شەریکەکان لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون (قسم الرضائي)، یان دەبێت قەرەبووەکە بەپێی پشکەکانی ناو تاپۆکە دابەش بکرێت. ئەو جووتیارانە سکاڵایان لە دادگەی کارگێڕی تۆمار کردبوو، بەڵام رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سکاڵاکەیان رەتکرایەوە و بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووە."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک چارەسەرێکی دیکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: "بۆ ئەوەی مافی هەمووان پارێزراو بێت، پێویستە داواکاری بۆ کوژاندنەوەی تەواوی پارچە زەوییە هەزار و 89 دۆنمییەکە پێشکێش بکرێت، نەک بەش بەش."
هاوکات، مەنهەل موەفەق، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـدا گوتی: "ماوەی 600 رۆژە لیژنە کار لەسەر قەرەبووکردنەوە دەکات و هیچ کەسێک گلەیی نەبووە. 400 پارچە زەوی بۆ قەرەبووی جووتیاران تەرخان کراوە. کێشەی جووتیاران هیچ پەیوەندییەکی بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانەوە نییە و پرۆسەکە سبەی بەڕێوەدەچێت."
ئەم کێشەیە تایبەت نییە بە رۆڤیا. تەحسین عیسمەت، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو، بۆ رووداو ئاشکرای کرد کە لە گوندی (دووگوندان) کێشەیەکی هاوشێوەیان هەبووە کە 50 جووتیار لەسەر تاپۆیەک هاوبەش بوون، بەڵام تەنیا زەویی 6 جووتیار بەر کوژاندنەوە کەوتووە. چارەسەرەکە ئەوە بووە کە "ئەوانی دیکە لەنێو خۆیاندا رێککەوتن و وازیان لە مافی قەرەبووەکەیان هێنا."
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک کە لە 9ـی تەممووزی 2026 بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بەردەڕەش نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی موڵکە هاوبەشەکاندا، کارەکە "تەنیا لە پشکی ئەو خاوەن موڵکە بکرێت کە زەوییەکەی دەکەوێتە بەر کوژاندنەوە." ئەم نووسراوە پشت بە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبەستێت و ئەو خاڵەیە کە جووتیارانی رۆڤیا داوای جێبەجێکردنی دەکەن.
سەرەڕای رەتکردنەوەی سکاڵاکەیان لە دادگە، جووتیارە ناڕازییەکان داوا دەکەن لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی کێشەکەیان پێکبهێنرێت، لەکاتێکدا لایەنە ئیدارییەکان سوورن لەسەر ئەوەی کە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوام دەبێت.

