رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بارانی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەمی ئینیکان لە قەزای پاسووری سەر بە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان، پردێکی کۆنکرێتی کە 5 گەڕەکی پێکەوە دەبەستەوە رووخا. کەشناسیی تورکیا هۆشداریی بۆ 32 پارێزگا راگەیاند کە 9 پارێزگای باکووری کوردستانیان تێدایە.
بارانی بەخوڕ لە سنووری قەزای پاسووری پارێزگای ئامەددا کاریگەریی لەسەر هاتووچۆ دروستکردووە و بووەتە هۆی زیادبوونی ئاستی ئاو لە چەمی ئینیکاندا. بەو هۆیەوە پردە کۆنکرێتییەکەی سەر رێگەی هاوبەشی گەڕەکەکانی باڵۆغڵو، کۆچکار، ئایگون، ساڵتوک و ئاکچاسر رووخا.
دوای رووخانی پردەکە، رێگە هاوبەشەکە بە رووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلدا داخرا و کار کرا بۆ دابینکردنی رێڕۆی جێگرەوە تاوەکو هاتووچۆی دانیشتووانی ناوچەکە پەکی نەکەوێت.
هۆشداریی کەشناسی بۆ 32 پارێزگا
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا بەهۆی پێشبینیی بای بەهێز و بارانبارینی بەخوڕەوە هۆشداریی کۆدی زەردی بۆ 32 پارێزگا راگەیاند.
بەپێی نەخشەی هۆشداریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، هۆشداریی کۆدی زەرد بۆ هەریەک لە ئیستەنبووڵ و 16 پارێزگای دیکەی تورکیا بەهۆی بای بەهێزەوە دەرکراوە.
هەروەها هۆشداریی کۆدی زەرد بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی چەولیک، بەدلیس، ئێلیهـ، ئامەد، مووش، سێرت، دێرسم، وان و مەرەش لەگەڵ 7 پارێزگای دیکەی تورکیا بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و هەورەبرووسکەوە راگەیێندراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی داوای لە هاووڵاتییان کردووە ئاگادار بن و رێکاری پێویست بگرنەبەر لەبەرامبەر ئەگەری دروستبوونی لافاو، داڕمانی زەوی، کەوتنی دار و ستوونەکان، ژەهراویبوون بە دووکەڵی سۆپا و پەککەوتنی هاتووچۆ بەهۆی با و بارانە بەهێزەکانەوە.


