رووداو دیجیتاڵ
پڵنگێک و بزنەکێوییەک لە سنووری شاری پۆلدۆختەری پارێزگای لوڕستان کوژران. داواکاری گشتیی شارەکە دەڵێ، چەند کاژێر دوای رووداوەکە، دوو راوچی دەستگیرکران.
ئەمڕۆ شەممە 21-11-2026، محەممەد ئومەرایی، داواکاری گشتیی شاری پۆلدۆختەری سەر بە لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە کە لە سنووری ناوچەکە هەوڵی راوکردنی چەند ئاژەڵێک دراوە، دەستبەجێ فەرمانی بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە دەرکردووە.
بەگوتەی محەممەد ئومەرایی، دەرکەوتووە پڵنگێک و بزنەکێویەک لە دارستانەکانی سنووری شارەکە کوژراون.
وەک داواکاری گشتیی پۆلدۆختەر دەڵێ، دوای سێ کاژێر لە رووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس توانیویانە دوو راوچی دەستگیر بکەن.
محەممەد ئومەرایی ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەست بە دۆسیەکە، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیی راودا گیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکراوان کراوەتەوە.
لە رۆژانی رابردوودا لە گەڕەکێکی پۆلدۆختەر، پڵنگێک لەنێو ماڵان بینرا و لە گرتەڤیدیۆیەکدا دیارە کە لەگەڵ سەگێک شەڕ دەکات. ئێستا دەگوترێ، ئەوە هەمان پڵنگە کە لەلایەن راوچییەکانەوە کوژراوە.
زنجیرەچیاکانی زاگرۆس لە سنووری پارێزگای لوڕستان، بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانی پۆلدۆختەر لە ژینگە سەرەکییەکانی پڵنگن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاوای ئێران.
هەرچەندە راوکردنی نایاسایی هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر ژیانیان، بوونی نێچیری وەک بزنەکێوی و بەراز لە ناوچە سەخت و دارستانییەکاندا یارمەتیدەرە بۆ مانەوەی پڵنگەکان.



