رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی (گرگامێش)ـی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، وەرزی بڕینی نەعنا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ دیلۆک 78%ـی نەعنای تورکیا دابین بکات.
ئەم ساڵ لە رووبەرێکی حەوت هەزار و 600 دۆنمدا نەعنا لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان هەیە و پێشبینی 19 هەزار و 700 تۆن بەرهەم دەکرێ.
دیلۆک لە نەعنادا دەوڵەمەندترین پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانە.
لە دیلۆکیش زۆرترین بڕی نەعنا لە سنووری شارۆچکەی گرگامێشە کە دەکەوێتە کەناری فورات.
ئیبراهیم ساغڵام، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگاکە گوتی:" گرگامێش لە بەرهەمهێنانی نەعنادا ناوی دەرکردووە و پار لە رووبەرێکی حەوت هەزار و 500 دۆنمدا 18 هەزار و 900 تۆن نەعنامان بەرهەم هێنا. بەمە 75%ـی بەرهەمی تورکیامان دابین کرد. ئەم ساڵ بەرهەمەکە زیاتریش دەبێت".
ساغڵام دەڵێ ئەو پێشهاتە هاونیشتمانییانی دڵخۆش کردووە و گوتی:"ئەم ساڵ پێشبینیی بەرهەمی نزیکەی 19 هەزار و 700 تۆن لە رووبەری 7 هەزار و 600 دۆنم زەویدا دەکەین."
وەک ئامادەیی، هەر لە ئێستاوە ژمارەی دەزگاکانی وشککردن و لە قوتوونان زیاد دەکرێن.
عەلی یڵماز کە یەکێک لە جووتیارانی سنووری شارۆچکەی گرگامێشە دەڵێ، لە رووی بڕی بەرهەم و نرخەوە نەعنا دڵخۆشی کردوون و گوتی: "نەعنا بۆ چەندین ساڵ بەرهەم دەدات. جارێک دەیچێنیت و زیاتر لە 10 ساڵ دەمێنێتەوە. هەر سێ ساڵ جارێک هەڵیدەگێڕینەوە و رەگی رووەکەکە نوێ دەکەینەوە".
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانی شارۆچکەکە، 55٪ی نەعنای پارێزگای دیلۆک دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی گرگامێش.



