رووداو دیجیتاڵ
پیتەر هاوکینز، هاوئاهەنگیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا ''لەمێژە'' کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەسەر ژیان و بژێویی خەڵکەوە لە سەرتاسەری عێراقدا دروستکردووە؛ ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زیادبوونی زریانی تۆزوخۆڵ و کەمبوونەوەی بارانبارین کرد کە پەستانێکی زۆریان خستووەتە سەر کەرتی تەندروستی، کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاوی پاک.
بەگوێرەی پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP)، عێراق لە ریزی پێنجەمین وڵاتی جیهاندایە لەڕووی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەواوە. بەرپرسێکی وەزارەتی ژینگەی عێراقیش لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ئاشکرای کردبوو لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا رێژەی بارانبارین بە رێژەی 35% کەمیکردووە.
هاوکینز لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، گوتی:"دۆخەکە رۆژ بە رۆژ سەختتر دەبێت"، جەختی کردەوە پێویستە عێراق هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ چۆنیەتیی سنووردارکردنی ئەم گۆڕانکارییانە بکات.
پیسبوونی ژینگە و کەرتی وزە
هاوکینز ئاماژەی بە مەترسییەکانی سووتاندنی گازی بەبەردبوو (بە تایبەت لە باشووری عێراق)، پیسبوونی رووبارەکان و پیسبوونی هەوا کرد و گوتی:" پشتبەستنی زۆر بە موەلیدە ئەهلییەکان بۆ دابینکردنی کارەبا، ئاستی پیسبوونی هەوای گەیاندووەتە ئاستێکی زۆر بەرز کە ئیدی جێگەی قبووڵکردن نییە .
بەگوێرەی راپۆرتی بانکی جیهانی بۆ ساڵی 2025، عێراق لەگەڵ رووسیا و ئێران لە ریزی سێ گەورەترین وڵاتی جیهاندایە لە سووتاندنی گازی هاوەڵدا. هەروەها بەپێی پێوەری ئایکیوئێر،عێراق لە پلەی یازدەیەمی وڵاتانی خاوەن پیسترین هەوا بووە لە جیهاندا، بە شێوەیەک ئاستی پیسبوونی هەواکەی زیاتر لە حەوت هێندەی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بووە.
هاوئاهەنگیکارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کرد بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گاز تاوەکو ساڵی 2030، داواشی کرد عێراق گازی نێوخۆیی بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاربهێنێت و کەرتی وزەی خۆر فراوان بکات، بە گوتەی ئەو هێشتا وەکو پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوە. پێشتریش وەزیری نەوتی عێراق لە مانگی تەمووزدا رایگەیاندبوو ئامانجیان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی 2028 یان سەرەتای 2029 کۆتایی بە سووتاندنی گاز بهێنن.
دۆسیەی ئاو و کەمبوونەوەی سەرچاوەکان
سەبارەت بە دۆخی ئاو، هاوکینز باسی لەوە کرد بەڕێوەبردنی رووبارەکانی دیجلە و فورات و ئاوی ژێرزەوی بووەتە بابەتێکی یەکلاکەرەوە، چونکە پێویستە هاوسەنگی لەنێوان بەکارهێنانی ئاو و زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ دانیشتووانێکی لە زیادبووندا رابگیرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی باشتربوونی دۆخی پاکوخاوێنی، ئێستا عێراق رووبەڕووی جۆرێکی کەم مەترسیدارتری کۆلێرا دەبێتەوە؛ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2024دا 596 تووشبووی لە عێراق تۆمارکردبوو.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ساڵی 2025ـی وەک سەختترین ساڵی وشکەساڵی لە دوای ساڵی 1933ـەوە پێناسە کرد، بە شێوەیەک کە یەدەگی بەنداوەکان بۆ 8% دابەزیبوو بەر لەوەی بارانبارینی بەخوڕی ساڵی 2026 دۆخەکە تا رادەیەک باشتر بکات. شایەنی باسە عێراق لە ساڵی 2023دا چووە نێو رێککەوتننامەی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکان و گفتوگۆی نیشتمانیی ئاوی دەستپێکرد.
کەمیی داتا لە سەرجەم پارێزگاکان
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنی بۆ سەرجەم پارێزگاکان، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان کردووە، هاوکینز رایگەیاند هەڵسەنگاندنێکی راستەوخۆ نەکراوە و بەدەستهێنانی داتا 'کارێکی سەختە'، بەڵام کێشەکە بە باشی تێگەیشتنی بۆ کراوە تاوەکو سەرنج بخرێتە سەر چارەسەرەکان. گوتیشی: "هەموو پارێزگایەک بە شێوازێکی جیاواز، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە یەکسانی زیانی بەرکەوتووە". هاوکات باسی لەوە کرد ئاماری وردی کۆچکردن بەهۆی کەشوهەواوە لەبەردەستدا نییە و دۆخی بیابانبوونیش تێکەڵە؛ زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەنار رووبارەکان پێشتر فراوان بووبوون، ئێستا لەوانەیە پاشەکشە بکەن.
پشتیوانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
هاوکینز ئاشکرای کرد نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارەکانی ئاو، گواستنەوە بەرەو وزەی نوێ و داتاکاندا هاوکاریی وەزارەتی ژینگەی عێراق دەکات. بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا نزیکەی یەک لەسەر سێی بودجەی پێویستی ساڵی 2026ـی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دابینکراوە، گوتیشی ئەگەر ئەنجامی باش پیشان بدرێت، بودجەی زیاتر بەدەستدەهێنرێت.
شکستی لوتکەی کۆپ31 لە ئەنتاڵیا
سەبارەت بە لوتکەی کەشوهەوای COP31، هاوکینز شکستهێنانی لووتکەکەی بە ''سەرسوڕهێنەر' ناوبرد، لوتکەکە رۆژی یەکشەممە لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا، دوای دوو رۆژ دواکەوتن بەبێ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کۆتایی هات، کە ئەوە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2009ـەوە رووبدات.
یەکێتیی ئەورووپا و چەند وڵاتێکی دیکە رەشنووسێکیان رەتکردەوە باسی لە کەمکردنەوەی سووتەمەنیی بەردین نەدەکرد، هاوکات ناکۆکییە داراییەکانیش بە چارەسەرنەکراوی مانەوە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامی لوتکەکەی بە ''مایەی بێئومێدییەکی قووڵ'' وەسف کرد. ئەم لووتکەیە بە میوانداریی تورکیا و سەرۆکایەتیی دانوستاندنەکان لەلایەن کریس بۆونی ئوسترالییەوە بەڕێوەچوو.


