رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی لە شاری هەولێردا خۆپێشاندانێک دژی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بەڕێوەبچێت؛ قایمقامی شارەکە داوا لە فەرمانگەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەکات رێگری نەکەن لە فەرمانبەران و کارمەندان بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا.
ناڕەزاییەکانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان دژی بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فراوانتر دەبێت؛ بڕیارە سبەی کاژێر 10:30ـی بەیانی لە نزیک قەڵای هەولێردا خۆپێشاندانێکی فراوان بەڕێوەبچێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نابێت سبەی هیچ فەرمانگەیەکی حکومەت و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت رێگری بکەن لە کارمەند و ئەندامەکانیان کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا بکەن."
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، 24ـی ئەم مانگە زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری کارگێڕی، دادوەری، ئەمنی و تەکنیکیی دەرکرد، کە لەنێویاندا گرتنەبەری رێکاری نوێ بەرامبەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەبوون؛ بڕیارەکانیش کاردانەوەی حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و رەتیانکردنەوە.
قایمقامی هەولێر پێیوایە، سبەی وەک ئەرکێکی نیشتمانی پێویستە هەموو هاونیشتمانییانی هەولێر لەو چالاکییەدا بەشداری بکەن و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان رەتبکەنەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە رووداوی گوت، خۆپیشاندانەکەی سبەی بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکەکەیەتی.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد: "خۆپێشاندانەکە سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت، بۆیە وەک لیژنەی ئەمنی جگە لە مۆڵەت هەموو ئامادەکارییەک کراوە و هیوادارین جەماوەر و چین و توێژەکان و سەرجەم هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەشداریی فراوان و کارایان هەبێت."
لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە: "ئاراستەکردنی رێنمایی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هیچ رەزامەندییەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان نەدات، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە نەبێت... وەرگرتنی تەواوی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە... راسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە، کەرکووک، سەڵاحەدین و نەینەوا) کە لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان."



