رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند کە بە نووسراوی فەرمی داوایان لە بەغدا کردووە دۆلار بە نرخی فەرمی بدرێت بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ، 26ـی تشرینی دووەم، ناوی کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو ئاشکرا بکرێت.
بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدادا، بە رووداوی راگەیاند، پەیوەندییان بە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە کردووە سەبارەت بەم بابەتە و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ ناوی کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو ئاشکرابکرێت.
بەختیار حاجی گوتی: "هەفتەی داهاتوو تیمێکی تەکنیکی سەردانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەکەن بۆ دیاریکردنی شوێنی کابینە و خەزنەکانی کۆمپانیاکان لە هەردوو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەدا."
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدادا باسی لەوەشکرد بڕی دۆلارەکە بە نرخی بانکی ناوەندی بە گەشتیاران دەدرێت، بە هەمان بڕی ئەو دۆلارەی لە فڕۆکەخانەکانی عێراقدا بە گەشتیاران دەدرێت، کە سێ هەزار دۆلارە.
بەختیار حاجی ئاماژەی بەوەشکرد، تیروپشک ئەنجامدراوە بۆ دیاریکردنی کۆمپانیاکان، ئەمەش دوای ئەوەی بەغدا لە رێگەی فۆڕمێکەوە داوای لە کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو کرد خۆیان بەربژێربکەن بۆ کردنەوەی ئۆفیس لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا، بە مەرجی پابەندبوون بە کۆمەڵێک مەرجی سەرەکی.
بەپێی ئەم رێکارە، گەشتیاران دوو مانگ جارێک، واتە لە ساڵێکدا شەش جار و بە کۆی 18 هەزار دۆلار دەتوانن دۆلارەکانیان بگۆڕنەوە بە دینار بە نرخی ناوەندی.
لە میکانیزمی گۆڕینەوەی دراوەکەدا، گەشتیار سەرەتا پارەکەی لە کۆمپانیای گۆڕینەوەی دراو لەنێو شاردا دادەنێت و پسووڵە وەردەگرێت، دوای تەواوکردنی رێکارەکانی پاسپۆرت و گەشتکردن، لە فڕۆکەخانەدا دۆلارەکەی پێدەدرێت.
ئەم رێکارە دەتوانێت دڵنیایی لە گەیشتنی دۆلار بە گەشتیار بدات و خزمەتگوزارییەکە بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاسانتر بکات.



