رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی ورمێ چوار گەنج لە باخێکدا بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە دەڵێت، سەرەڕای هەوڵە پزیشکییەکان، هەر چواریان گیانیان لەدەستداوە.
رووداوەکە دوێنێ پێنجشەممە 26-11-2026، لە گوندی تێزخرابی سەر بە ناوەندی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە رایگەیاند، چوار گەنجەکە لە خانووی نێو باخێکدا ماونەتەوە کە بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون.
بەگوتەی فەرزین رەزازادە، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام سەرەڕای هەوڵە پزیشکییەکان، هەر چواریان گیانیان لەدەستداوە.
بۆ توێکاریی زیاتر تەرمی گەنجەکان رەوانەی دادپزیشکیی ورمێ کراوە.
بەگوێرەی ئاماری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە، لە 18ـی تشرینی یەکەمەوە، لانیکەم 20 کەس لە بۆکان، ورمێ و سەڵماس بە گاز ژەهراوی بوون کە چواریان گیانیان لەدەستداوە.



