رووداو دیجیتاڵ
پێنجەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەستیپێکرد.
سیمپۆزیۆمەکە ئەم ساڵ بە درووشمی (حەزرەتی پێخەمبەر لای مەلای جزیری) بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ دەخایێنێت. لە سیمپۆزیۆمەکەدا بۆچوون و بیرۆکەکانی مەلای جزیری لەبارەی حەزرەتی پێغەمبەرەوە لە چەندین لایەنی جیاوازەوە هەڵدەسەنگێندرێن.
سیمپۆزیۆمەکە بە هاوبەشی لەلایەن پارێزگای شرنەخ، زانکۆی شرنەخ و قایمقامییەتی جزیرێ لە هۆڵی کۆنفرانسی هۆتێل دیدەمان لە جزیرێ رێکخراوە.
ئەکادیمیانی زانکۆکانی تورکیا و باکووری کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکە گفتوگۆ لەبارەی جیهانی هزری، تێگەیشتنی تەسەوفی و میراتی ئەدەبیی مەلای جزیری دەکەن.
20 ئەکادیمیست گوتار پێشکێش دەکەن
د. ئەحمەد ئۆزدەمیر، بە ناوی لیژنەی ئامادەکارەوە رایگەیاند، تەوەری سەرەکیی سیمپۆزیۆمی ئەم ساڵ بە ناونیشانی (حەزرەتی پێغەمبەر لای مەلای جزیری) دیاریکراوە.
ئۆزدەمیر بیری هێنایەوە کە لە سیمپۆزیۆمەکانی پێشوودا تێگەیشتنی مەلای جزیری لەبارەی بوون، یەکتاپەرستی، زانست و رەوشتەوە هەڵسەنگێندراوە و لە بەرنامەی ئەم ساڵیشدا بۆچوونەکانی لەسەر حەزرەتی پێغەمبەر دەخرێنە بەر باس.
د. ئەحمەد ئۆزدەمیر ئاشکرای کرد، لە سیمپۆزیۆمەکەدا 20 ئەکادیمیست گوتارەکانیان پێشکێش دەکەن و راشیگەیاند، لە لیژنەی زانستیدا ئەکادیمییەکانی ئێران، عێراق، سووریا، ئەڵمانیا، بۆسنا و سوێد هەن.
هەروەها لە زانکۆکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئامەد، مێردین، سێرت، مووش، شرنەخ، بدلیس و ئێلیهـ چەندین بەشداربوو هەن و زانا و مەلای مەدرەسەکانی ناوچەکەش بەشدارییان کردووە.
مەلای جزیری، شێخی شاعیرانی کورد
مەلای جزیری کە لە نێوان ساڵانی 1567-1640 ژیاوە، یەکێکە لە گەورەترین ناوەکانی ئەدەبی کلاسیکی کوردی و ناوی راستەقینەی ئەحمەدی کوڕی محەممەدی بۆتیی جزیرییە.
ئەو بەتایبەتی بە دیوانەکەی بە شێوەزاری کورمانجی مۆری خۆی لە ئەدەبی کوردی داوە. لە شیعرەکانیدا عەشقی ئیلاهی، یەکتاپەرستی و خۆشەویستیی قووڵ بۆ پێخەمبەر محەممەد (دروودی خوای لێبێت) پێگەیەکی بەرچاوی هەیە.
مەلای جزیری خۆشەویستی بۆ خودا و پێخەمبەر وەک بنەمای پێشکەوتنی رووحیی مرۆڤ و گەیشتن بە حەقیقەت دەبینێت.
گۆڕی مەلای جزیری لە مەدرەسەی سووری مێژووییە لە قەزای جزیر کە سەردەمێک خۆی لەوێ وانەی دەگوتەوە.
میراتی کولتووریی ناوچەکە
د. ئەحمەد ئۆزدەمیر دەڵێ، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیمپۆزیۆمەکە زیندووکردنەوەی میراتی پێشەنگەکانی وەک مەلای جزیری، مەلای باتەیی، فەقێی تەیران و ئەحمەدی خانییە.
ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوەش کرد، کارە ئەکادیمییەکان لەسەر ئەم کەسایەتییانە خزمەت بە ناساندنی بەها مادی و مەعنەوییەکانی ناوچەکە دەکەن، میراتی کولتووری دەپارێزن و پشتگیری لە ئارامیی کۆمەڵایەتی دەکەن.



