رووداو دیجیتاڵ
پێشنوێژ و گوتارخوێنی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ، بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان زیانی زۆریان دەبێ و هەزاران خێزان زیانیان پێدەگات.
رۆژی هەینی، 27-11-2026، مامۆستا مەلا قادر قادری، پێشنوێژ و گوتارخوێنی شاری پاوە لە گوتاری نوێژی هەینیدا ئاماژەی بە پێشهاتەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی: "ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزی سەربازی هێناوەتە کەرکووک و ئێژێ دەبێ گشت مەرزەکان بکەونە دەستی بەغدا. دەی وەختێ مەرز کەوتە دەستی بەغدا و لەشکرت هاورد و لە مەرزدا داتنا، ئیدی هەرێمی کوردستان چ کارەیە؟"
مامۆستا مەلا قادر گوتی، حکومەتی عێراق فەرمانی کردووە بە "داخستنی پێنج خاڵی سنووری کە یەکێکیان پشتەیە کە دوێنێ دایانخست" و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ یان سبەی دەروازەی شوشمێش دەگرن و لەو نێوەندەدا هەزاران خانەوادە زەرەر دەکەن".
ئەو مامۆستا ئاینییە باسی لە دۆخی عێراق بە گشتی کرد و رایگەیاند: "وەختی ئەرتەشی عەلی زەیدی بێتە تەوێڵە (لە سنووری هەڵەبجە)، بە خوا نە من و تۆ بە رەحەت دەتوانین بێین و بڕۆین و نە ئەو کوردانەش ئیدی ئیستقلالیان هەیە. ئێمە پێمان ناخۆشە بەمە و ئومێد دەکەین مل نەکێشێت بۆ شەڕ و براکوژی" .
مامۆستا مەلا قادر رایگەیاند، داخستنی ئەم دەروازانە "بە دەستووری کێیە؟ بە دەستووری ئەمریکایە. بە دەستووری ئاغای ترەمپە کە ئەبێ مەرزی پاکستان و ئەفغانستان و تورکیا و عێراق بووەستێن و با هیچ رزقێک نەیەت بۆ ئێران بەڵکو ئەم خەڵکە بمرن".
دوێنێ دەروازەی پشتە کە دەکەوێتە نێوان پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانەوە و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە هەڵەبجەیە لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە داخرا. لە دۆخی ئاساییدا لە دەروازەی پشتەوە رۆژانە نزیکەی 150 ئۆتۆمبێل شتومەکیان دەگواستەوە، داهاتەکەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 150 ملیۆن دینار بوو. جگە لە شۆفێران، نزیکەی 500 هاونیشتمانی دیکە وەکو کارمەند و خاوەنکار لە دەروازەکە کاریان کردووە و بێکار بوون.



