رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگیی راپەڕین روونکردنەوە لەسەر ئەو دەنگۆیانە دەدات کە باس لە داخستنی (دەروازەی کێلێ) لە سنوورەکەدا دەکەن و دەڵێ: "هیچ نووسراوێکمان بۆ داخستنی دەروازەکە بەدەست نەگەیشتووە و هاتووچۆی بازرگانی و هاونیشتمانییان بەردەوامە."
ئەمڕۆ هەینی 27ی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عەزیز، بەرێوەبەری گومرگیی ئیدارەی راپەرین لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئەم ئێوارەیە هاتووچۆی بازرگانی و جووڵەی هاونیشتمانییان لە دەروازەی کێلێ ئاسایی بووە و هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بۆ داخستن و راگرتنی هاتووچۆ لە دەروازەکە بەدەست نەگەیشتووە."
عەباس عەزیز، کە هاوکات سەرپەرشتیاری (دەروازەی کێلێ)یە گوتی، "داخستنی دەروازەکە هەروا ئاسان نییە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراو ئاگادارمان بکاتەوە کە دەروازەکە دادەخرێ. ئەو دەنگۆیانەش کە باس لە داخرانی دەکەن دوورە لە راستییەوە."
سەرپەرشتیاری دەروازەکە روونی کردەوە: "دەروازەی کێلێ یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژانە لێیەوە سەوزە، میوە و کەرەستەی بیناسایی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێتە هەرێمی کوردستان. داخستنی کاریگەری لەسەر نرخ دەبێ".
سەبارەت بە دروستبوونی بێکاری لە ئەگەری داخستنی دەروازەکەدا، عەباس عەزیز رایگەیاند: "داخستنی دەروازەکە زیانێکی زۆر بە دەڤەری راپەڕین دەگەیەنێت، بەو پێیەی دوو هەزار بۆ سێ هەزار خێزانی ناوچەکە کاروکەسابەتیان لەسەر دەروازەکەیە."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026، هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەردوو دەروازەی پشتە و شوشمەیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە داخست.



