رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە یاریزان و پاڵەوانی بۆکسێنی کورد عەگید کابایێل کرد، بە هۆی بردنەوەی یارییەکەی شەوی رابردوو و پارێزگاریکردن لە پشتێنی پاڵەوانی جیهان لە کێشی قورسی یاریی بۆکسێن.
ڕۆژی یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026 بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆک بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی لە یاریزان عەگید کابایێل پاڵەوانی بۆکسێنی کورد کردووە بەهۆی ئەو سەرکەوتنە مێژووییەی شەوی رابردوو بەدەستی هێنا، هەروەها سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ پاڵەوانە کوردەکە خواستووە.
درەنگی شەوی رابردوو، عەگید کابایێل لەبەردەم زیاتر لە 53 هەزار هاندەر کە زۆربەیان کورد بوون و بە ئاڵای کوردستانەوە یاریگایان هەژاندبوو، توانی لە لە نیڵسن هیسای ئەلبانی بباتەوە و پارێزگاری لە پشتێنی کێشی قورسی (WBC) بکات.
بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، عەگید کابایێل ریکۆردی بێشکستیی خۆی بۆ 28 بردنەوە بەبێ هیچ دۆڕانێک بەرزکردەوە (20 بردنەوە بە لێدانی ناکاوت)، هەروەها دوای یارییەکەش ئامادەیی خۆی بۆ شەڕی یەکخستنی پشتێنەکانی کێشی قورس لە ساڵی 2027 راگەیاند بەرامبەر براوەی یاریی نێوان تایسۆن فیوری و ئەنتۆنی جۆشوا، یان دانیێل دوبوا و فیلیپ هرگۆڤیچ.



