رووداو دیجیتاڵ
تۆمارکردنی هەوکردنی پەردەی مێشک لە عێراقدا رووی لە زیادبوونە؛ تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، سێ تووشبووی نەخۆشییەکە لە سنوورەکەدا تۆمارکراون و دۆخیان جێگیرە؛ لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و هەڵەبجەشدا هیچ تۆمارنەکراوە. بەرپرسانی تەندروستیش داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا بەزوویی سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "سێ حاڵەتی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون و سەرجەمیان منداڵن، بەڵام تەندروستییان جێگیرە و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە."
لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، د. هێرش سەلیم گوتی: "بڵاونەبووەتەوە و لە کۆنترۆڵدایە. نەخۆشییەکە زیاتر لە منداڵاندا هەیە و ئەگەر بەزوویی دەستنیشانبکرێت و چارەسەر وەربگرێت، هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی نابێت."
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشییەکە بە دوو شێوە تۆماردەکرێت؛ یەکێکیان لە رێگەی ڤایرۆسەوەیە کە ئاساییە تۆماربکرێت، جۆرەکەی دیکەیان بەکتریاییە و مەترسی هەیە؛ "لەو جۆرەیان هیچ حاڵەتێکمان نییە."
هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە: هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە رووداوی گوت: "ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە شارەکانی عێراقدا رووی لە زیادبوونە؛ تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشییەکە لە پارێزگای هەولێردا تۆمارنەکراوە."
د. دلۆڤان محەممەد روونیکردەوە کە نەخۆشییەکە مەترسیدارە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی درەنگ پێی دەزانن، بۆیە داوای لە هاونیشتمانییان کرد لەکاتی بوونی سەرئێشە و تایەکی زۆردا بەزوویی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و پشکنین بکەن.
گوتیشی، لەبەرئەوەی هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکە بەکتریا و ڤایرۆسە، هیچ رێکارێکی دیاریکراو نییە بگیرێتەبەر، تەنیا ئەوە نەبێت نەخۆش زوو سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەر وەربگرێت.
هاوکات د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، هیچ حاڵەتێکی هەوکردنی پەردەی مێشک لە دهۆکدا تۆمارنەکراوە و نەخۆشخانەکانی شارەکە سەرجەم ئامادەکارییەکانیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو نەخۆشخانەی هێڤی و نەخۆشخانەی منداڵان لە دهۆکدا ئامادەکراون و هەر رێکارێک پێویستبێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە دەگیرێتەبەر.
لە پارێزگای هەڵەبجەشدا دۆخەکە بە هەمان شێوەیە. د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، بە رووداوی گوت: "نە ئەم ساڵ و نە پار، هیچ تووشبوویەک لە پارێزگاکەدا تۆمارنەکراوە. توانای دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەمان هەیە و هەر رێکارێکیش پێویستبێت گیراوەتەبەر."
هەروەها داوای لە دایک و باوکان کرد لەکاتی بوونی نیشانەکاندا لە منداڵەکانیاندا بەزوویی سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
هەوکردنی پەردەی مێشک چییە و نیشانەکانی چین؟
هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکەپەتکە. پزیشکانی پسپۆڕ دەڵێن، هۆکارەکانی لەوانەیە بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە یان دەرمان بن.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
کەمبوونەوەی شیرخواردن (ئەگەر منداڵەکە بچووکبێت)
رشانەوە
تای بەرز
تووشبوون بە گەشکە
بێهێزی و دابەزینی شەکرە
سەرئێشە
بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، پێویستە نموونەی ئاو لە پشتی منداڵەکەدا دەربهێنرێت؛ پزیشکان رێنوێنیی دایکان و باوکان دەکەن بۆ ئەو مەبەستە هاوکاریی پزیشکەکان بکەن، چونکە "پرۆسەکە زۆر ئاسانە و هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروستناکات."
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولحوسێن عەزیز مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چوار هەزار و 358 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە عێراقدا تۆمارکراون.



