رووداو دیجیتاڵ
لە ورمێ، بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەکە و رەزامەندیی قایمقام، کرێی تاکسی و پاس بە رێژەی 100% زیاد کرا.
رۆژی یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، فەخرەدین مەعسومزادە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی ورمێ رایگەیاند، نرخە نوێیەکان دوای لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانە، پەسندکردنیان لە لایەن ئەنجوومەنی شاری ورمێ و رەزامەندیی قایمقامی شارەکە دیاریکراون.
فەخرەدین مەعسومزادە گوتی، "دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیاری زیادکردنی کرێی تاکسی و پاس لە نێو شاری ورمێ لە رۆژی شەممە، 28ی تشرینی دووەمی 2026ـەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و نرخە نوێیەکان کاریان پێدەکرێت."
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کرێی تاکسی و پاس لە زۆربەی گەڕەک و بازاڕەکانی شارەکە 100% زیاد کراوە.
بە گوتەی فەخرەدین مەعسومزادە، بۆ گەشتکردن بە پاس، لە کاتی پارەدانی کاش، راستەوخۆ نرخە نوێیەکە وەردەگیرێت، بەڵام بۆ ئەوانەی کارتی ئەلیکترۆنیی بەکاردەهێنن، تا کاتی تەواوبوونی نوێکردنەوەی ئامێرەکان، هەر بە نرخە کۆنەکەی پێشوو کرێیان لێ وەردەگیرێت.
مەعسوومزادە گوتی، خشتەی نرخە نوێیەکان لە هەندێک لە وێستگەکانی تاکسی و پاس هەڵدەواسرێن و هاووڵاتییان دەتوانن فایلی نرخەکان لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی شارەوانیی ورمێ و فەرمانگەی گواستنەوەی شارەکە وەربگرن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی ورمێ ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەگەری وەرگرتنی کرێی زیادە لەلایەن شۆفێرانەوە، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی سیستمی پەیوەندییەکانی شارەوانیی ورمێوە سکاڵاکانیان تۆمار بکەن.
لە ماوەی هەشت مانگدا ئەمە دووەمین جارە کرێی گواستنەوەی گشتی لە نێو شاری ورمێ زیاد دەکرێت. لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا کرێی تاکسی و پاس لە شارەکە بەراورد بە پارەکە ٪60 زیاد کرابوو.
شاری ورمێ، ناوەندی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە یەک ملیۆن و 40 هەزار کەسە.
بەپێێ ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە چوار هەزار و 600 تاکسی و 260 پاسی گواستنەوەی گشتی لە نێو شاری ورمێ هەن.




