رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەی (هەژماری من) نوێترین ئامارەکانی خۆی بۆ مانگی ئایاری 2026 بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆر لە رێگای دیجیتاڵییەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
ئەمڕۆ تیمی هەژماری من دواین ئاماری بڵاوکردەوە و دەڵێت، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار لە رۆژانی 26، 27 و 28ی ئەم مانگە دەبێت. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900 هەزار کەس لە پرۆژەکەدا تۆمارکراون و 800 هەزار کارتیش دابەشکراون.
لەبارەی جۆری ئەو کەسانەی لە رێگای هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، ئامارەکان بەم شێوەیەن:
361 هەزار فەرمانبەری مەدەنی.
223 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.
188 هەزار خانەنشین.
23 هەزار خێزانی شەهیدان.
لەبارەی دابەشبوونی جوگرافیی بەشداربووانی پرۆژەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەولێر بە 373,300 بەشداربوو لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەو سلێمانی دێت بە 227,600 بەشداربوو، دهۆک بە 181,900 بەشداربوو و هەڵەبجەش 12,950 بەشداربووی هەیە.
پرۆژەی (هەژماری من) گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک لە مانگی شوباتدا 722,100 کەس لەو رێگایەوە مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام لەم مانگەدا (ئایار) گەیشتووەتە 800,000 کەس. ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵێک لەمەوبەر تەنیا 130,500 کەس لەم پرۆژەیەدا بوون.
بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران، لە ئێستادا 600 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاوازدا دابینکراون، فەرمانبەرانیش دەتوانن بۆ هەر کێشەیەک پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی ژمارە 1991ـەوە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی بەفەرمی بڵاوکردەوە، کە دابەشکردنی سێ رۆژ دەخایەنێت و لە رۆژانی جەژنیش بەردەوام دەبێت.
