رووداو دیجیتاڵ لەڕێگەی لیژنەیەکەوە کێشەی گواستنەوەی گەنمی 552 جووتیاری خورماتوو چارەسەر کرا، کە ساڵانی پێشوو رێگەیان پێنەدەدرا بیگوازنەوە بۆ سایلۆی قەزاکە، ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا دەڵێت، هێشتا هەمان کێشەى 300 جووتیارى دیکە ماوە چارەسەر بکرێت. یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لیژنەیەک لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاوە پێکهێنرا بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەی جووتیارانی سنووری داودە بکەن، ساڵانی رابردوو نەیاندەتوانی گەنمەکانیان بگوازنەوە بۆ سایلۆی خورماتوو بۆ ئەوەی لێیان وەربگیرێت، بە پاساوی ئەوەی کێشە لە مامەڵەی زەوییەکانیاندا هەبووە. یاسین داودی رایگەیاند، ئەو بڕیارە کێشەی 552 جووتیاری کورد چارەسەر دەکات لە گواستنەوەی گەنمەکانیان، هەرچەندە ئەو زەوییانەی دەیچێنن لە باو و باپیرانیانەوە هی خۆیانە، بەڵام زیاتر لە 90% کێشەی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان هەیە. لیژنەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە 11ی ئایار پێکهێنراوە و نوێنەرانی فەرمانگەکانی کشتوکاڵ و پلاندانانی تێدابووە. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاند کێشەی نزیکەی 300 جووتیاری دیکەی کورد ماوە چارەسەر بکرێت، کە سەر بە ناحیەی سەلمان پاکن و دەیانەوێت بەرهەمی 17 پارچە زەوی بگوازنەوە بۆ سایلۆی خورماتوو و تاوەکو ئێستا رێگەپێدانیان بۆ نەکراوە. بڕیارە لە یەکی حوزەیرانەوە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای سەلاحەدین دەستپێبکات، کە بۆ هەر تۆنێک 700 هەزار دیناریان پێدەدرێت.