رووداو دیجیتاڵ
لە 13یەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، تۆڕی میدیایی رووداو لەلایەن حیزبە سیاسییەکان و بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ستایش دەکرێت؛ فازڵ میرانی بە "جەزیرەی کورد" و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش بە "ناسنامەیەکی نێودەوڵەتیی نایاب" وەسفی دەکەن.
رۆژی هەینی 29ی ئایاری 2026، کە هاوکاتە لەگەڵ 13ـیەمین ساڵیادی دەستپێکی وەشانی میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارەیەکی زۆر پەیامی پیرۆزبایی لەلایەن دامودەزگا و سەرکردە سیاسی و حکومییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کران.
فازڵ میرانی: رووداو ئەزموونێکی نوێ و سەرکەوتووە
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا ستایشی 13 ساڵ داهێنانی رووداوی کرد و رایگەیاند، رووداو وەک ئەزموونێکی "نوێ و زۆر سەرکەوتوو" توانیویەتی بازنەی نێوخۆیی تێپەڕێنێت و وەک یەکەمین کەناڵی نێونەتەوەیی کورد خۆی بە جیهان بناسێنێت.
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوە کرد، "هەر لە بەرایی پەخشی کەناڵەکەدا، من هیوای ئەوەم خواست رووداو ببێتە (جەزیرەی کورد)، ئەو هیوایەش سوپاس بۆ خودا بەدیهات." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی جیهانی، شکۆ و شانازییە بۆ کارمەندانی ئەم دامەزراوەیە.
دامەزراوە داوەری و ئەمنییەکانی عێراق: رووداو سەرچاوەی متمانەیە
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رووداوی وەک "ناسنامەیەکی نێودەوڵەتیی دیار" و "پەنجەرەیەکی درەوشاوە" وەسف کرد کە توانیویەتی بەوپەڕی متمانە و پیشەییبوونەوە رووداوەکان بگوازێتەوە.
هاوکات قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، جەختی لە "رۆڵی پیشەیی و رەسەن"ی رووداو کردەوە لە چەسپاندنی میدیای بەرپرسیار و رێکخستنی ناوەڕۆکێک کە لەگەڵ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت.
لەسەر ئاستی وەزارەتە ئەمنییەکان، لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ، رووداوی وەک "نموونەیەک لە رۆژنامەگەریی سەردەم" وەسفکرد و رایگەیاند، ئەم دامەزراوەیە لە 13 ساڵی کارکردنیدا سەرکەوتوو بووە لە چەسپاندنی بابەتیبوون و وردی لە کارکردندا.
هەروەها لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری، هیوای خواست رووداو بەردەوام بێت لە گێڕانی رۆڵە گرنگەکەی بۆ بەهێزکردنی کاری میدیایی پیشەیی لە وڵاتدا.
کەرکووک؛ ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکان
محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، لە پەیامەکەیدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی ئیدارەی پارێزگاکە کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی رووداو و رۆژنامەڤانان و ئاماژەی بەوە کرد کە متمانەی تەواویان بە رۆڵی میدیا هەیە لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئیدارەی شارەکە.
هاوکات مەروان عانی، سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق، ساڵیادی رووداوی بە نیشانەی "گەشەسەندنی گەورەی کاری میدیایی لە عێراق" دانا.
"رووداو بەدواداچوون بۆ کێشە گرنگەکان دەکات''
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پەیامی پیرۆزبایی خۆی ئاراستە کرد و رایگەیاند، میدیا رۆڵێکی نیشتمانیی گرنگی هەیە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق 13 ساڵەی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداو پیرۆز دەکات و دەڵێ، میدیا رۆڵێکی نیشتمانیی گرنگی لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەیە.
هەروەها سەلام عەبدوڵڵا، سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات، لە پەیامێکدا بۆ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، رووداو بە شانازییەوە جێی خۆی لەنێو کەناڵە جیهانییەکاندا کردووەتەوە.
هاوپەیمانیی عەزم بە سەرکردایەتی موسەننا سامەڕائی، ستایشی هەوڵەکانی رووداوی کرد لە بەدواداچوونی کێشە گرنگەکان و چەسپاندنی بنەماکانی بێلایەنی.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی فەرمیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی دامەزراوەی میدیایی رووداو دەکەین بۆ ئەو پەیامە نیشتمانی و پیشەییە روونەی پێشکەشی دەکات، کە پشت بە وردی، بابەتیبوون و متمانە دەبەستێت."
گوتەبێژی فەرمیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، "ئێمە هەمیشە هەست بە پەیوەندیی بەردەوام و بەدواداچوونی پیشەییانەی رووداو دەکەین بۆ سەرجەم چالاکی و دەستکەوتە ئەمنییەکان. هەموو ساڵێک بە خۆشی، بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر."
تۆڕی میدیایی رووداو لە 29ی ئایاری 2013دا وەک تۆڕێکی میدیایی بە تەلەڤزیۆن، رادیۆ و پۆرتاڵ دەستی بە پەخش کرد.
پێش ئەوەی وەک تۆڕێکی میدیایی دەستبەکاربێت، رووداو لە دوو هەفتەنامەی چاپکراو پێکهاتبوو؛ وەشانێکی سیاسی و گشتی کە ژمارەی یەکەمی لە 5ی نیسانی 2008 و وەشانێکی وەرزشیش کە 4ی حوزەیرانی هەمان ساڵ یەکەمین ژمارەی دەرکرد. وەک روانگەی رووداو بۆ رۆیشتن لەگەڵ تەوژمی داهێنانی دیجیتاڵیی جیهان و لابردنی کاخەز بۆ پاراستنی ژینگە، وەرزشییەکە بە دەرکردنی ژمارە 530 لە یەکی کانوونی دووەمی 2019 و گشتییەکە بە ژمارەی 593 لە 24ی شوباتی 2020 وەستێنران.
تۆڕی میدیایی رووداو هەوڵی داوە سوود لە نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی بواری راگەیاندن وەربگرێ بۆ ئەوەی لە جیهانێکی پێشکەوتوودا بەردەوام لە نزیک وەرگرەکەی بمێنێتەوە. لە تەلەڤزیۆن بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی سەروو و خواروو پەخش دەکات و لە پۆرتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە عەرەبی، ئینگلیزی و تورکیش هەواڵ و بەرهەمەکانی دەگەیێنێت.
ئەم تۆڕە کوردستانییە فرە زمانە دەیان خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی بەدەستهێناوە؛ بەهۆی پیشەیی، لێهاتوویی و متمانەیەوە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەواڵ لە بارەی رووداو و پێشهاتەکانی کوردستان و ناوچەکە بۆ کەناڵ و ئاژانسە هەواڵییە هەرە دیارەکانی جیهان، دیارترینیان ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، تۆڕی هەواڵی ئەورووپی ئینێکس.
