رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی شاری هەڵەبجە، تەرمی پیاوێکی تەمەن 54 ساڵ لەنێو ماڵەکەی خۆیدا بە مردوویی دۆزرایەوە. پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، "پێنج رۆژە گیانی لەدەستداوە و هیچ ئاسەوارێکی تاوان بە تەرمەکەیەوە دیار نییە."
رووداوەکە لە گەڕەکی "گوڵانی سەروو" لە شارەکە روویداوە و هاووڵاتییەکە ناوی (س. ج. ع)ـە.
رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، ئاکام قوتبەدین ئاغاوەیس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان تیمەکانی بەڵگە و تاوان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
بەگوێرەی گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەو پیاوە ماوەی پێنج رۆژە لەنێو ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "لەلایەن تیمی پزیشکی دادوەرییەوە پشکنین بۆ تەرمەکە کراوە و دەرکەوتووە هیچ ئاسەوارێکی تاوانکاری بە تەرمەکەوە بەدی ناکرێت."
بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
