رووداو دیجیتاڵ
کاسبکارێکی شاری هەولێر ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکسی بە 40 هەزار دۆلار کڕیوە، دوای چوار مانگ بە بڕیاری دادگە دەستی بەسەرداگیراوە، پارێزەرەکەشی دەڵێت "فێڵی لێکراوە" و پۆلیسی هەولێریش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لە کاتی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا وریا بن.
هێمن مەخدید، ماوەی هەشت ساڵە لە یەکێک لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر خەریکی کڕین و فرۆشتنە، کەوتووەتە نێو کێشەیەکی یاسایی ئاڵۆزەوە. ئەو ساڵی رابردوو ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکسی لە کەسێک بەناوی "م.ئ" بە بڕی 40 هەزار دۆلار کڕیوە، بەڵام دواتر بە بڕیارێکی دادگە ئۆتۆمبێلەکەی لێوەرگیراوەتەوە.
هێمن مەخدید سەبارەت بە کێشەکەی دەڵێت: "دەمێک دەڵێن دزییە، دەمێک دەڵێن قەرز و فەردی پێکراوە و ئێمە نازانین. چەندین جار چووینەتە لای ئاساییش، ئەوانیش دەڵێن حەقی ئێوەیە و ناهێڵین بفەوتێت، بەڵام ئێمە بۆ دوو دینار خێر ئەو ئۆتۆمبێلەمان کڕیبوو."
هەرچەندە هێمن بە شێوەیەکی یاسایی ئۆتۆمبێلەکەی کڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگە بڕیاری رادەستکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نەداوە. عیماد ئەنوەر، پارێزەری کەیسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دادوەر پێی راگەیاندوون "ئێوە لە لایەن گرووپێکەوە فێڵتان لێکراوە." دەشڵێت: "چاوەڕێ دەکەین ئەو گرووپە بگیرێن بۆ ئەوەی هێمن بگاتەوە بە حەقی خۆی."
هاتووچۆ: لە کاتی گواستنەوەی خاوەندارێتی کێشەی نەبووە
بەپێی رێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، گواستنەوەی خاوەندارێتی پێویستی بە گرێبەستی ئەلیکترۆنی و پشکنینی ورد هەیە. عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لەو کاتەی هاتوون ئۆتۆمبێلەکە بەناو بکەن، هیچ بڕیارێکی دەستبەسەرداگرتنی لەسەر نەبووە و رێکارەکان بە یاسایی رۆیشتوون، بەڵام رەنگە پاش چەند رۆژێک بڕیار لە دادگەوە بێت بۆ دەستبەسەرداگرتن، ئێمەش پابەندین بەجێبەجێکردنی بڕیاری دادگە."
هۆشداریی پۆلیس بۆ کڕیاران
هێمن مەخدید لە پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە. مقەدەم کیفاح حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات حاڵەتی وا هەبووە ئۆتۆمبێلەکە چەند دەستێکی کردووە، دواتر دەرکەوتووە کێشەی دارایی یان قیستی لەسەرە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت: "لەو حاڵەتانەدا ئێمە تەنیا دەتوانین هۆشداری بدەین، پێویستە هاووڵاتییان کاتێک تووشی حاڵەتی وا دەبن، دەستبەجێ سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکەن بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بگرینەبەر."
بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک بۆ دەستکەوتنی ماددی فێڵ لە کەسێکی دیکە بکات، سزاکەی لەنێوان یەک بۆ سێ ساڵ زیندانیکردنە. ئێستا هێمن مەخدید چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیە کە فێڵەکەیان لێکردووە بۆ ئەوەی پاشەکەوتی چەند ساڵەی کارکردنی نەفەوتێت.
.webp&w=3840&q=75)

