رووداو دیجیتاڵ
پێنج شاخەوانە بێسەروشوێنەکەی سنووری سۆران دۆزرانەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، سەلامەتن و تیمەکان بەڕێوەن بۆ شوێنەکەیان.
ئەمڕۆ هەینی 6ی تشرینی دووەمی 2026 رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی گوت، "دوای هەوڵێکی زۆر، توانیمان لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە شوێنی پێنج شاخەوانەکە لە چیای هەڵگورد دەستنیشان بکەین و پەیوەندییان پێوە بکەین."
رەوەند مەغدید گوتیشی، "هەر پێنج شاخەوانەکە سەلامەتن و چەند تیمێکی بەرگریی شارستانی بەڕێوەن بۆ شوێنەکەیان، پێشبینی دەکەین 20 خولەکی دیکە بگەنە لای شاخەوانەکان."
سەبارەت بە شوێنی دۆزینەوەی شاخەوانەکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی روونی کردەوە، "لە بەشی سەرەوەی چیاکە گیریان خواردووە و بەهۆی بەفربارین و تەمەوە ئاستی بینین کەمبووەتەوە و رێگایان لێ گیراوە."
شاخەوانەکان خەڵکی پارێزگای دهۆکن و بۆ شاخەوانی چوونەتە چیای هەڵگورد.
لەبارەی چوونی تیمەکان بۆ شوێنەکە، رەوەند مەغدید ئاماژەی بەوە کرد، "داوا لە شاخەوانەکان کراوە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە تاوەکو گەیشتنی تیمەکان."
.jpg&w=3840&q=75)

