رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە چوار کەپری کافتریایەکی چیای زاوا کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێ، رووداوەکە بەهۆی کوڵاندنی پاقلە بووە و ئاگر گەیشتووەتە وایەرەکانی کارەبا، بەڵام کۆنترۆڵکراوە.
رووداوەکە کاژێر 20:50 خولەکی شەوی هەینی، 05-06-2026 لە شوێنێکی گەشتیاریی چیای زاوای دهۆک کەوتوەتەوە. بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی چوار کەپر سووتاون.
بەگوتەی بێوار عەبدولعەزیز، ئاگرەکە بەهۆی کوڵاندنی پاقلە لە کافتریاکە بووە و گەیشتووەتە ستوون و وایەرەکانی کارەبا.
وەک گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێ، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا کردووە کارەبای ناوچەکە ببڕن بۆ ئەوەی بتوانن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بێوار عەبدولعەزیز ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانیان بە سەرکەوتوویی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی دهۆک، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لانیکەم 205 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە روویانداوە.



