رووداو دیجیتاڵ
لە وەڵامی نیگەرانیی بەشێک لە کرێکارانی کەرتی تایبەت سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە، بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر رایدەگەیێنێت، هەر سکاڵایەک تۆمار بکرێت، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر دەکرێت.
تەمەن شوان، بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کرێکاران دەتوانن بە خۆڕایی پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 5500ـەوە بکەن؛ کاتێک سکاڵا تۆمار دەکرێت، دەبێتە دۆسیەیەکی یاسایی و کارگێڕی، دواتر لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کار پێکدەهێندرێت و پشکنەر دەنێردرێتە شوێنی کارەکە تاوەکو لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکات."
تەمەن شوان روونیکردەوە، فەرمانگەکەی ئەوان تەنیا بەرپرسیارە لە پرۆسەی دەستەبەرکردنی کرێکاران لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتیی کار بەرپرسە لە وردەکاریی گرێبەستەکان، شێوازی کارکردن، ژەمە خۆراک، شوێنی مانەوە و کاژێرەکانی دەوام.
بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر هۆشداریشی دا کە لە ئەگەری سەلماندنی هەر سەرپێچییەکدا، رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر خاوەنکارە سەرپێچیکارەکان دەگیرێتەبەر؛ هاوکات داوای لە کرێکاران کرد لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەکدا دەتوانن راستەوخۆ سەردانی فەرمانگەکەیان بکەن.



