رووداو دیجیتاڵ تەرمی منداڵێک لە بناری قەندیل دۆزرایەوە کە گومانەکان بۆ ئەوە دەچن تەرمی ئەو منداڵە بێت مانگی رابردوو بێسەروشوێن بوو. بەگوتەی شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ پەیامنێری رووداو کردووە، "تەرمەکە شێوێندراوە." رۆژی هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەرمی منداڵێک لەگوندی ئێندزە لە بناری قەندیل دۆزراوەتەوە کە جلوبەرگەکەی لە جلوبەرگی (یاد سەرباز) دەچێت کە 28ی مانگی رابردوو لەو ناوچەیە بێسەروشوێن بوو. پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ دانیشتووانی گوندەکە و شایەتحاڵەکان کرد و ئەو زانیارییەی دەستکەوت کە "تەرمەکە شێوێندراوە". بەشێک لە هاونیشتمانییان ئاماژەیان بەوەکرد کە سەری ئەو منداڵە لە لاشەی جیاکراوەتەوە و ئەندامانی جەستەیشی بە پارچە پارچەکراوی دۆزراونەتەوە. رووداو بەرپرسانی ئیدارەی راپەڕینی لەسەر ئەو پرسە دواند و ئەو زانیارییە پشتڕاستکرایەوە کە ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە هەمان ئەو جلوبەرگەی لەبەرە کە یاد سەرباز لەکاتی بێسەروشوێنبوونیدا لەبەری بووە. یاد سەرباز، تەمەنی چوار ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێرە. یاد لەگەڵ دایکی، نەنکی و خاڵی بۆ سەردانی ماڵی باپیری چووبووە گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل، بەڵام لەدوای نیوەڕۆی 22ی مانگی رابردووەوە بێسەروشوێنە. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، کەسوکاری یاد سەرباز راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن ئەوان چاوەڕێی ئەنجامی توێکاریی دادپزیشکی دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکەن کە جارێ پرسە بۆ یاد دانانێن و هیچ لێدوانێکیش لەوبارەیەوە نادەن. بەگوتەی بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بۆ رووداو، تەرمەکە نێردراوەتە دادپزیشکی سلێمانی بۆئەوەی توێکاریی وردی بۆ بکرێ. بڕیاریشە لە چەند کاژێری داهاتوودا لایەنە ئەمنییەکانی راپەڕین روونکردنەوە لەسەر رووداوەکە بڵاوبکەنەوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان12-06-2026گەنجێک لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گیانی لەدەستدا؛ "دەستکاری کارەبای کردووە"