رووداو دیجیتاڵ
سبەی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابی، چاودێرانی هۆڵەکان و هەموو ئەوانەی راستەوخۆ پەیوەستن بە تاقیکردنەوەکانەوە قەدەخە دەکرێت، ئەمەش 136 هەزار و 545 کەس دەگرێتەوە.
ئەم ساڵ 117 هەزار و 142 قوتابی لە هەرسێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی مافی بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکان هەیە، لەلایەن 19 هەزار و 403 کەسەوە کارەکانیان سەرپەرشتی دەکرێ و بەڕێوە دەبرێ.
وەزارەتی پەروەردە فەرمانێکی وەزاری دەرکردووە کە لە 7 خاڵ پێکهاتووە بەمەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، هەر لە قەدەخەکردنی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە سزای گزی (قۆپیە) و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسیار و وەڵامەکان.
بەپێی فەرمانە وەزارییەکە، بردنەژوورەوەی هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی، کاتژمێری زیرەک و مۆبایل بۆ قوتابییان قەدەخەیە. هەروەها سەرپەرشتیار و چاودێرانی هۆڵەکان مافیان نییە مۆبایل ببەنە ژوورەوە، جگە لە یەک مۆبایلی دیاریکراو بۆ بەڕێوەبەری هۆڵەکە. هەر سەرپێچییەک لەم بڕگەیە بە "هاوکاریکردنی گزی" هەژمار دەکرێ و کەسی سەرپێچیکار رووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەبێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە هۆشداری داوە لە بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە و رایگەیاندووە: "میکانیزمی تایبەتمان هەیە بۆ ناسینەوەی هەر پرسیارێک."
لە بارەی ئاشکراکردنی قۆپییە یان گزیکردن، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێ، میکانیزمێکیان داناوە لەماوەی کەمتر لە دوو خولەک هەر کزیکردنک ئاشکرا دەکات.
یەکێکی دیکە لە رێنماییەکان ئەوەیە کە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوە، پێویستە قوتابی پەڕەی پرسیارەکان لەگەڵ پەڕەی وەڵامدانەوە (سۆما) بگەڕێنێتەوە بۆ چاودێرانی هۆڵەکە. بەپێچەوانەوە، "نمرەی بۆ هەژمار ناکرێ."
ژمارەی قوتابیان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیەیە:
- هەولێر: 38,063 قوتابی
- سلێمانی: 26,563 قوتابی
- دهۆک: 27,266 قوتابی
- هەڵەبجە: 1,590 قوتابی
- ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 6,918 قوتابی
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 6,398 قوتابی
- ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: 5,356 قوتابی
- ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین: 4,988 قوتابی
بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە، 1,376 سەرپەرشتیار، 12,818 چاودێر، 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 2,003 یاریدەدەری بەڕێوەبەری هۆڵ و 2,003 خزمەتگوزار ئەرکیان پێسپێردراوە.



