رووداو دیجیتاڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی شووتییەک، بەشێک لە هاونیشتمانییان ترسیان بۆ دروستبووە لە خواردنی شووتی، بەڵام بەرپرسانی عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی بە هاونیشتمانییان دەڵێن: "شووتی خۆمان پێگەییوە و بێخەم بن لە خواردنی". ڤیدیۆی شووتییەک لە شاری سلێمانی تۆمارکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خێرایی بڵاوبووەتەوە و تێیدا دەردەکەوێ، هاونیشتمانییەک دوای کڕینی شووتییەک، شووتییەکە دەتەقێ و ناوەکەی دەبێتە ئاو. ئەو کەسەی شووتییەکە دەشكێنێ دەڵێ: "ئەوەندەیان دەرمان پێداوە کە شووتییەکە وای لێهاتووە". سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شووتییەی ئەمڕۆ لە بازاڕدا هەیە نمرە یەکە و دڵنیایی دەدەینە هاونیشتمانییان کە بێ مەترسی بیخۆن چونکە بەرهەمی خۆماڵییە". لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەدا، سەتان کەس بۆچوونی خۆیان نووسیوە و دەڵێن، نازانن چۆن متمانە بە کڕین و خواردنی شووتی بکەن. بەشێکیش دەڵێن، بڵاوبوونەوەی مەترسی لەسەر خواردنی شووتی زیان بە بەرهەمی خۆماڵیی شووتی دەگەیێنێ، کە ئێستا پێگەییووە. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "ئێستا زۆرترین شووتی عەلوەکەمان بەرهەمی سنووری کۆیە و تەقتەقە، نەوەک دەرمانی زۆر، هیچ دەرمانێکی بۆ بەکارنەهێندراوە و تەواو سرووشتییە". بەشێکی دیکە لەو شووتییەی ئەمڕۆ لە عەلوەی سلێمانی هەیە لە پارێزگای دیالە هاوردە کراوە. سەروەر عەلی گوتی: "شوتی عوزێمی دیالە بەناوبانگە و دڵنیایی دەدەین لە بەرزی کواڵیتییەکەی". لەبارەی هاوردەکردنی شووتی لە دەرەوەوە بەتایبەت لە ئێران، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "شووتی خۆماڵی کیلۆی 300 بۆ 350 دینارە لە عەلوە، بۆیە هیچ کەسێک شووتی هاوردە ناکات. هەر کەسێک بەو نرخە هاوردەی بکات زیانیش دەکات لەبری قازانج". رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دڵنیایی تەواو دەدەینە خەڵک، کە بێ ترس شووتی هەولێر بکڕن. ئەوەی ئەمڕۆ لە بازاڕدایە زۆرینەی شووتی هەولێرە و بە تەواوی پاک و بێ مەترسییە". هاوشێوەی سلێمانی، بەشێکی شووتی هەولێر لە عوزێمەوە هاوردە کراوە. رەجەب حاجی عەزیز دەڵێ، دڵنیایە لە "خاوێنیی" شووتی ئەو ناوچەیەی پارێزگای دیالە لە عێراق و بەهاونیشتمانییان دەڵێ، "بێ خەمبن لە کڕینی هەر شووتییەک لە سنووری هەولێر هەیە".
هەواڵە ناوخۆییەکان13-06-2026قایمقامی دەربەندیخان: بەڵێن دراوە لە دوو مانگی داهاتوودا ئامێرەکانی پڕۆژەی ئاو بگەنە شارەکەمان
هەواڵە ناوخۆییەکان13-06-2026خزمێکی بۆ رووداو: دڵنیاین ئەو تەرمەی لە بناری قەندیل دۆزرایەوە یاد سەربازە
هەواڵە ناوخۆییەکان13-06-2026تاقیکردنەوەی پۆلی 12 بەڕێوەدەچێ؛ مۆبایل لە زیاتر لە 136 هەزار کەس قەدەخەدەکرێ