رووداو دیجیتاڵ
کچە خوێندکارێکی زانکۆیەکی ئەهلیی کەرکووک سزادرا، بەپاساوی ئەوەی لە ئاهەنگی دەرچوونیدا بە جلوبەرگی نەشیاوەوە دەرکەوتووە.
نووسراوی سزادانی دینا وەزاح رەمزی، کچە خوێندکاری قۆناخی کۆتایی کۆلێژی پزیشکیی ددانی زانکۆی کیتاب، رۆژی 17ی حوزەیران دەرکراوە.
بەگوێرەی نووسراوەکە، ئەو کچە خوێندکارە جلوبەرگی "نەشیاو و دەرەوەی چوارچێوە پەروەردەییەکانى" لەبەرکردووە، بەهۆیەوە بڕیاردرا سزا بدرێت بەوەی مانگێک لە خوێندن دووربخرێتەوە.
هەروەها زانکۆکە بەگوێرەی بڕگەی دوو لە ماددەی حەوتی رێنمایی ژمارە 160ی ساڵی 2007 کە تایبەتە بە رێکارەکانی سزادانی خوێندکار لە دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سکاڵایەک لە دژی تۆمار بکات.
بەگوێرەی ئەو ماددەیە، ئەگەر سکاڵا لەدژی خوێندکارێک تۆمار بکرێت لەبارەی کردەوەیەک کە لە دەرەوەی زانکۆ کرابێت، رێکارەکانی سزادانی زانکۆکە دوا دەخرێت تاوەکو سکاڵا یاساییەکە یەکلا دەبێتەوە.


