رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی
هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی مزگەوتی گەورەی بارزانی دادەنێت، کە دەبێتە "گەورەترین
مزگەوت لە ناوچەکە" و لەسەر رووبەری دوو ملیۆن مەتر دووجا دەبێت.
کاژێر 02:30ـی نیوەڕۆی
ئەمڕۆ یەکشەممە بەردی بناخەی مزگەوتەکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی
کوردستان دادەنرێت.
سەرچاوەیەکی
ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مزگەوتەکە دەبێتە گەورەترین مزگەوت لە
ناوچەکەدا، لەسەر دوو ملیۆن مەتر دووجا بنیاد دەنرێ، بەشێوەیەک دەبێ لە یەک کاتدا
700 هەزار کەس بتوانێت لە هۆڵ، حەوشە و باخچەکەیدا نوێژی تێدا بکات".
لە حەرەمی مزگەوتەکە
تاڤگەی دەستکرد بە بەرزی 48 مەتر دروست دەکرێت و دەڕژێتە نێو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی
کوردستان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی راسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. بەگوێرەی
زانیارییەکانی رووداو، مزگەوتی گەورەی بارزانی پارکی گەورە، زانکۆ و کتێبخانەی تێدا
دەبێت.
بڕیارە لە مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر، یەک ملیۆن
دار بچێندرێت. مزگەوتەکە چوار منارە و گومبەزێکی زۆر گەورەی دەبێت لەگەڵ چەندین هۆڵ
و خزمەتگوزاری جیاوازدا.


