رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ گەڕان، ئەمڕۆ تەرمی هاونیشتمانییەک دۆزرایەوە، کە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئاودا خنکابوو.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەرمی ئەو گەنجە دۆزرایەوە کە 19ـی ئەم مانگە لە ئاودا خنکا بوو".
گەنجەکە ناوی کاروان ئیبراهیم ئیسماعیل، لەدایکبووی ساڵی 1991 و دانیشتووی کەندێناوا بوو لە سنووری هەولێر.
شاخەوان سەعید گوتی، ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ هەشت کەس لە سنووری هەولێر لە ئاودا خنکاون و تەرمەکانیان دەرهێندراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 9ـی حوزەیرانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 12 کەس لە باشووری کوردستان لە ئاودا خنکاون، تەرمی 11 یان دۆزراوەتەوە و تەرمێک نەدۆزراوەتەوە کە لە رووباری سیروان لە سنووری قەزای کەلار لە پارێزگای سلێمانی خنکاوە.


