رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین سزای دوو کارمەندی سەنتەری تیشکی رانیەی لە پارێزگای سلێمانی دا.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێ، بریندارەکانی رووداوەکەی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی رانیە بۆ نیو کاژێر چاوەڕێیان کردووە و تەنانەت هاونیشتمانییان خۆیان پشکنینی تیشکیان بۆ خۆیان کردووە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا.
رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، لە رووداوێکی هاتووچۆودا لە دەڤەری راپەڕین، چوار ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەکمان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتیی راپەڕین دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و هەر کەسێک لەم دۆسیەیەدا کەمتەرخەم بووبێت، رووبەڕووی رێکاری تووندی یاسایی دەکرێتەوە."
دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا ئەنجامی کارەکانی لیژنەکەی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، سەرەڕای پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە بریندارەکان، لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان و دووبارەنەبوونەوەی ئەو دۆخە، لیژنەکە بڕیاری سزادانی بۆ کەمتەرخەمەکانی دەرکرد.
بەپێی بڕیارەکە، دوو کارمەندی سەنتەرەکە کە بە کەمتەرخەم دانراون، سزادراون؛ هەروەها سزای ئاگادارکردنەوە ئاراستەی تەواوی ستافی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە کراوە.




