رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی خراپ سۆرک لە سنووری قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا، مێرمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ لەنێو گۆمێکدا خنکا. باوکی دەڵێ، کوڕەکەی و دوو ئامۆزای کەوتوونەتە نێو ئاوەکە، بەڵام تەنیا کوڕەکەی ئەو رزگاری نەبووە.
رۆژی سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، موحسین خودێدا، باوکی ئەحمەد، ئەو منداڵەی خنکاوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ کوڕەکەم لە ناوچەی خراپ سۆرک لە شنگال لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ یاریی تۆپی پێ چوونە یاریگەیەک."
باوکی ئەحمەد باسی لە چۆنیەتی رووداوەکە کرد و گوتی، "لەو شوێنە گۆمێکی دەستکرد هەیە و پڕبووە لە ئاو کە زۆر قووڵە. کوڕەکەم و دوو ئامۆزای ویستوویانە دەمووچاویان بشۆن، بەڵام کەوتوونەتە نێو ئاوەکە. ئەو منداڵانەی لەوێ بوون، پەتێکیان بۆ هاویشتوون و توانیویانە دوو ئامۆزاکەی رزگاربکەن، بەڵام کوڕەکەی من خنکاوە."
ئەو مێرمنداڵەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئەحمەد موحسین و تەمەنی 15 ساڵ بوو. بە گوتەی باوکی، ئەو گۆمە بەهۆی کارکردنی ئامێر و چاککردنی رێگەوبان لەو ناوچەیە دروست بووە.




