رووداو دیجیتاڵ وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی دارستانی زاویتەی دهۆک لە ئاگرکەوتنەوە، رێکخراوی (دۆرکاس)ی هۆڵەندی بە هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای دهۆک، 125 هەزار مەتر هێڵی ئاگربڕی دروستکرد، ئەوەش دوای ئەو رووداوەی ساڵی رابردوو روویدا و لە ئەنجامدا رووبەرێکی دارستانەکە سووتا. مەتین سەعید، بەڕێوەبەری بەرنامەکان لە رێکخراوی دۆرکاس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێڵی ئاگربڕ یەکێکە لە رێگەکانی خۆپارێزی و رێگریکردن لە کەوتنەوەی ئاگر؛ "ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئاگرەکەی ساڵی رابردوو کە بووەهۆی سووتانی رووبەرێکی گەورە لە دارستانی زاویتە، رێکخراوەکەی ئەم هەنگاوەی نا "بۆ ئەوەی ئەم دارستانە بگەڕێتەوە دۆخی پێشووی خۆی کە ئەوە کاتێکی زۆری دەوێ". هێڵی ئاگربڕ ئامانجێکی سەرەکی هەیە، ئەویش بریتییە لە رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاگر بۆئەوەی ئەگەر ئاگر لە رووبەرێک کەوتەوە، بۆ بەشەکانی دیکە نەپەڕێتەوە. سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی زاویتە، مەتین سەعید گوتی، چەند هۆکارێک هەن. "یەکەم، لەبەر ئەو ئاگرەی پار کەوتەوە. دووەم، زاویتە شوێنێکی زۆر نزیکە لە دهۆک و شوێنێکی گەشتیاریی زۆر بەناوبانگە لەسەر ئاستی عێراق؛" هەروەها گوتی، جۆرێکی تایبەتی دار لەو ناوچەیە هەیە کە ئەگەر بسووتێت، بە یەکجاری لەنێو دەچێت و گەشەکردنەوەی زۆر هێواشە. کاوە سەبری، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆکیش بە رووداوی گوت، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە پووش و پەڵاشێکی زۆر هەیە و هەربۆیە مەترسیی ئاگرکەوتنەوە زیادی کردووە؛ گوتیشی: "ناتوانین کۆنترۆڵی تەواوەتیی دارستانەکە بکەین، بەڵام هەنگاو دەنێین بۆئەوەی ئەگەر ئاگر لە شوێنێکی مەترسیدار کەوتەوە، زیانەکانی کەمبکەینەوە." بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک رایگەیاند، کارمەندەکانیان بە هاوئاهەنگی رێکخراوی دۆرکاس ئەو شوێنانە پاک دەکەنەوە کە گژوگیا و پاشماوەیان لێیە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و سوودوەرگرتن لەو پاشماوانە. رێکخراوی دۆرکاس چەندین چالاکیی دیکەی ئەنجامداوە. مەتین سەعید رایگەیاند: "77 ئامێری گەڕۆکمان بۆ هەموو پارێزگای دهۆک دابینکردووە، لە زاویتەوە تاوەکو ناوچەکانی بەرواری باڵا."
هەواڵە ناوخۆییەکان24-06-2026لە هەولێر ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بە 5750 دینارە و لە دهۆک 13 هەزار
هەواڵە ناوخۆییەکان24-06-2026خوێندکارانی زانکۆی جیهان گلەیی لە تێچووی کۆرسی هاوینە دەکەن و سەرۆکی زانکۆش روونکردنەوە دەدات