رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم مانگەوە پێدانی کارەبای 24 کاژێری بەهۆی زیادبوونی خواست و کەمبوونی بەرهەمهێنان کەمی کردووە. لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان موەلیدە ئەهلییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی هاونیشتمانییان کاردەکەن و نرخەکانیش بەپێی کاژێری کارکردن و نرخی سووتەمەنی دیاری دەکرێن.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزیرانی 2026، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 20 رۆژە لەو شوێنانەی کارەبای نیشتمانی کەمێک کەم بووەتەوە، موەلیدەکان رۆژانە چەند کاژێرێک و بەپێی جیاوازى ناوچەکان کارەبا دەدەنە ئەو شوێنانەی پێویستییانە.
لەبارەی نرخەکان، خۆران خۆرانی گوتی، بۆ 100 کاژێر کارکردن، نرخی هەر ئەمپێرێک بە 5 هەزار و 750 دینار هەژمار کراوە. گوتیشی: "بەهۆی گرانبوونی نرخی گاز، ئەگەری گۆڕانکاری لە نرخەکاندا هەیە
لە دهۆک، بەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی، کارکردنی موەلیدەکان زیادی کردووە. سەرچاوەیەک لە لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە روداوی گوت: "رۆژانە بە گشتی 6 بۆ 7 کاژێر موەلیدە هەڵدەکەین و هەندێک رۆژ دەگاتە 10 کاژێریش."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و گاز، پێشبینی دەکرێت نرخی ئەمپێر بۆ ئەم مانگە بگاتە نزیکی 13 هەزار دینار.
بە پێچەوانەی هەولێر و دهۆک، لە سلێمانی دۆخی کارەبای نیشتمانی باشترە. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە روداوی راگەیاند، کارەبای نیشتمانی بەردەوامە و پچڕانەکان زۆر کەمە، بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ پێویستییەک نەبووە بۆ هەڵکردنی موەلیدە ئەهلییەکان.
ئامانجی پڕۆژەی رووناکی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ هاونیشتمانییان و ئێستا نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار کەس کە دەکاتە زیاتر لە 85٪ـی دانیشووانی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژەیە سوودمەندن، کارکردنی موەلیدەکانیش لە هەندێک ناوچە وەک هاوکار و جێگرەوەیەک دێت بۆ کاتەکانی پچڕانی کارەبا.


