رووداو دیجیتاڵ
یونس عەباس، ئەو گەنجەی پەڵەیەکی رەش لەسەر رووخساری هەبوو و لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە چیرۆکی ژیانی بڵاوکرایەوە، هاوسەرگیریی کرد؛ ئەو دەڵێت، دوای دەرکەوتنی لە رووداو ژیانی بە تەواوی گۆڕاوە و ئێستا خاوەنی خانوو، هاوژین و کاری تایبەت بە خۆیەتی.
یونس عەباس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای 2 مانگ لە دەرکەوتنم لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو، توانیم هاوسەرگیری بکەم و بوومە خاوەنی خانوو و کاری خۆم. رووداو بووە خێر و بەرەکەت بۆ ژیانی من".
لەبارەی ئەو کچەی هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە یونس عەباس گوتی: "ئەو کچەی هاوسەرگیریم لەگەڵ کردووە دانیشتووی گەڕەکی مامزاوەی هەولێرە و تەمەنی 16 ساڵە، ناسیاومان بوو، چوومە پێش و ئەویش رازی بوو و شەوی چوارشەممە مارەم کرد".
یونس عەباس، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵە و دانیشتووی بەحرکەی هەولێرە، تاوەکو پۆلی 8ی بنەڕەتی خوێندووە. ئەو پێشتر لە ناوچەیەکی دوورەدەست خەریکی شوانی بووە، بەڵام دوای کۆچی دوایی باوکی، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و دایکی، رووی لە نێو شار کرد و دەستی بە کرێکاری کرد.
ئەم گەنجە بەهۆی نیشانەیەکی زگماکی لەسەر رووخساری تووشی زۆر کێشە ببووەوە و تەنانەت نەیدەتوانی ژیانی هاوژینیش پێکبهێنێت. لە 29-4-2024 لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو باسی لە نیشانەکەی کردبوو و گوتبووی: "هەر لە زگماکەوە کە لەدایکبووم ئاوا بووم. مامۆستایانی ئایینی یەکەمجار گوتیان نەشتەرگەریی مەکەن، چونکە ناوی خودای لەسەرە."
دوای دەرکەوتنی لە تۆڕی میدیایی رووداو، ژیانی یونس بە تەواوی گۆڕا؛ کۆمپانیای (بای دەنیز) لە زاخۆ وەک نمایشکاری جلوبەرگ دایمەزراند، حاجی ئیدریس سوورچی خانوویەکی وەک دیاری پێبەخشی و کۆمپانیای (ئێم سەنتەر)یش تەواوی تێچووی هاوسەرگیرییەکەی گرتە ئەستۆ.


