رووداو دیجیتاڵ
دایکی سزادراوێک لە چاکسازیی گەورانی هەولێر نیگەرانە لەوەی ماوەی سێ رۆژە رێگە بە کوڕەکەی نەدراوە پەیوەندیی تەلەفۆنی بە ماڵەوە بکات. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانیش دەڵێت، بڕینی تەلەفۆن تەنیا وەک رێکارێکی سزایی بەرامبەر ئەو زیندانییانە دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی دەکەن.
دایکی سزادراوێک بە ناوی (ز، م) بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کوڕەکەی ساڵێک و شەش مانگە لەسەر دۆسیەی مادەی هۆشبەر سزادراوە و پێشتر رۆژانە پەیوەندیی تەلەفۆنی
کردووە، بەڵام ئێستا سێ رۆژە پەیوەندییەکەی بڕدراوە و ئەوانیش وەک کەسوکاری "نیگەرانن و بێ ئاگان لە بارودۆخی."
سەبارەت بەم سکاڵایە، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە چاکسازییەکاندا رێگە بە هەموو سزادراوێک دەدرێت پەیوەندی بە کەسوکارییەوە بکات، تەنیا لە یەک حاڵەتدا نەبێت، ئەویش کاتێک زیندانییەک سەرپێچی بکات."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان روونیکردەوە کە ئەگەر زیندانییەک سەرپێچی بکات، وەک شەڕکردن یان بێزارکردنی زیندانییەکانی دیکە، ئەوا وەک "سزایەکی کاتی" بۆ ماوەی دوو رۆژ پەیوەندیی تەلەفۆنی لێ دەبڕدرێت و دواتر بۆی دەگەڕێندرێتەوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ بەدواداچوونی وردتر لە دۆسیەی ئەو سزادراوە، کەسوکارەکەی دەتوانن رۆژی یەکشەممە یان دووشەممە سەردانیان بکەن و
داواکارییەک پێشکەش بکەن، "ئێمەش بەدواداچوونی تەواوی بۆ دەکەین."
سزادراوەکە (ز، م) بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن و 12 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەرچووە.


.jpg&w=3840&q=75)
