رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەزای خانەقینی سنووری پارێزگای دیالە کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردی شیعەمەزهەبن، لە رێوڕەسمەکانی موحەڕەم و عاشوورادا هاوکاری زیارەتکارانی شیعە دەکەن.
کاروان یاروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین-ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک درێژەدان بە نەریتی جەنابی مام جەلال و لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ئازادی و ئازادی بەجێگەیاندنی سروودە ئایینییەکان، مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی هاوکاری و کارئاسانی پێشکێش بە زیارەتکاران و کەژاوەکانی موحەڕەم و عاشوورا کردووە".
کاروان یاروەیس گوتی: "ئەمساڵ هاوکاری داراییمان پێشکێشی 57 کەژاوە کردوە لە خانەقین، سەعدییە و مەندەلی، هەر کەژاوەیەک 500 هەزار دینارمان پێداون. جگە لەوەش شەوانە کەژاوەکان بەسەر دەکەینەوە، هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین، ئەمانە زۆربەیان کەسوکار و دۆست و لایەنگری خۆمانن".
پارتی دیموکراتی کوردستانیش هاوشێوەی یەکێتی هاوکاری زیارەتکاران دەکات. ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی توانا، هاوکاری گشت کەژاوەکانمان کردووە. بۆ هەر کەژاوەیەک 300 هەزار دینارمان پێداون".
رۆژی 10ی موحەڕەم بە (عاشوورا) ناسراوە، لای موسڵمانانی شیعەمەزهەب گەورەترین رۆژی ماتەمینییە. لەم رۆژەدا یادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن، کوڕی فاتمەی کچی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ) و 72 کەس لە یار و کەسوکاری لە ساڵی 61ی کۆچی (680ی زایینی) لە بیابانی کەربەلا دەکرێتەوە.
رێوڕەسمەکانی ئەم یادە لە وڵاتانی جیاواز، بەتایبەتی لە عێراق و ئێران، بە چەندین شێواز بەڕێوە دەچن.
ئەم رێوڕەسمانە تەنیا رەهەندێکی ئایینییان نییە، بەڵکو ساڵانە دەبنە هۆی جووڵەیەکی گەورەی مرۆیی و ئابووری، بەتایبەتی لە شاری کەربەلا کە لەم رۆژەدا میوانداریی ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەکات.

.jpg&w=3840&q=75)

