رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی ئاوەماری سازان لە پارێزگای هەڵەبجە، سێ گەنج کەوتنە نێو رووباری سیروان. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە دەڵێ، دووانیان رزگارکراون، بەڵام یەکێکیان بێسەروشوێنە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 26-06-2026، سێ گەنج لە هەڵەبجە کە بۆ سەیران سەردانی ناوچەی گەشتیاریی ئاوەماری سازانیان کردبوو، کەوتنە نێو رووباری سیروان.
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە دوو لە گەنجەکان رزگار بکەن، بەڵام یەکێکیان دەرنەهێنراوەتەوە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
بەگوتەی زانیار عومەر، هەردوو گەنجەکە لەکاتی دەرهێنانەوەیاندا دۆخی تەندروستییان تێکچووە و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام ئێستا مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە.
گەنجە بێسەروشوێنبووەکە ناوی (ب. ی) تەمەن 18 ساڵە کە لەگەڵ دوو هاوڕێی بە مەبەستی مەلەکردن چوونەتە نێو رووباری سیروان. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە دەڵێت، ئێستا بەهۆی بەردانەوەی لە ئێرانەوە، ئاوی رووبارەکە زۆرە و بە هیچ شێوەیەک شیاوی مەلەکردن نییە.
زانیار عومەر لە زاری شایەتحاڵانەوە گوتی، بەهۆی تاریکیی شەو و زۆریی ئاوی رووبارەوە گەڕان بەدوای ئەو هاونیشتمانییەدا بە شێوەی کاتی وەستاوە و تیمەکانیان کاژێر 05:00ـی بەیانی، دەست بە گەڕان دەکەنەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 9ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ـی هەمان مانگ، 11 کەس لە باشووری کوردستان لە ئاودا خنکاون.



