رووداو دیجیتاڵ
منداڵێک لە سنووری گوندی چەمە سەر بە ناحیەی رۆڤیا لە قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دهۆک بێسەروشوێنە. بەرگریی شارستانیی ئاکرێ دەڵێ، رەنگە کەوتبێتە نێو زێی گەورە.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 10:30ی ئەمشەو ئاگادارکرانەوە کە منداڵێک لە نزیک زێی گەورە ونبووە و تائێستا چارەنووسی دیار نییە.
عەقید ئیبراهیم فەریق گوتی، نەعلی منداڵەکە لەنێو ئاو دۆزراوەتەوە، هەربۆیە گومان دەکرێ کەوتبێتە نێو ئاو.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ گوتی، منداڵەکە ناوی (ب. ر. ع)ە، تەمەنی سێ ساڵە و خەڵکی هەولێرە. ئاماژەی بەوەش کرد، خێزانەکەی بۆ سەیران چوونەتە سەر زێی گەورە.
عەقید ئیبراهیم فەریق لە زاری خێزانەکە دەگێڕێتەوە، پیاوەکان خەریکی برژاندنی ماسی بوون و بە منداڵەکەیان گوتووە بڕۆ بۆ لای دایکت کە چەند مەترێک لێیانەوە دوور بووە.
دوای تێپەڕبوونی 20 خولەک، منداڵەکە دیار نەماوە و لە دووریی نزیکەی 400 مەتر نەعلەکەی لە ئاو دۆزراوەتەوە.
بە گوتەی عەقید ئیبراهیم فەریق، تیمەکانیان لەگەڵ خێزانی منداڵەکە و خەڵکی گوندەکە ئەو دەوروبەرە گەڕاون و نەیاندۆزیوەتەوە، ئێستاش تیمی مەلەوانی خەریکی گەڕانن لە زێی گەورە.



