رووداو دیجیتاڵ
خوێندکارانی پۆلی 12ـی وێژەیی و بەشێک لە مامۆستایانی وانەی بیرکاری، گومان دەخەنە سەر دروستیی بەشێک لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی گشتیی وانەی بیرکاری؛ لە بەرامبەردا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، هیچ هەڵەیەک لە پرسیارەکاندا نەبووە.
پاش بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەشێک لە خوێندکارانی پۆلی 12ـی وێژەیی کە باسیان لەوە دەکرد پرسیارێکی وانەی بیرکاری لە دەرەوەی پڕۆگرام بووە و هی پۆلی 11 بووە، هاوکات لەگەڵ تێبینیی مامۆستایانی وانەی بیرکاریی پۆلی 9ـی بنەڕەتی (سیستەمی ئینگلیزی) لەسەر بوونی هەڵەی رێنووسی لە پرسیارەکاندا، تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد.
دکتۆر سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، رەتیکردەوە چاوخشاندنەوە یان گۆڕانکاری لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی بیرکاریی پۆلی 12ـی وێژەییدا بکرێت.
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان بە رووداوی گوت: "لەلای ئێمە شتی وا رووینەداوە. پرسیارەکان لەسەر بنەمای پڕۆگرام و کتێبەکە دادەنرێن و هیچ پرسیارێکی پۆلی 11ی تێدا نییە."
سەبارەت بە پرسیارەکانی وانەی بیرکاریی پۆلی 9ـی بنەڕەتی لە سیستەمی ئینگلیزی، کە دەگوترێت لە پرسیاری ژمارە 35ی گرووپی Aدا هەڵە هەبووە، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان رایگەیاند: "هەفتەیەک بەسەر تاقیکردنەوەی بیرکاریدا تێپەڕیوە و هیچ کەسێک ئاگاداری نەکردووینەتەوە. لەوانەیە خوێندکارێک یان باوکێک لە پرسیارەکە تێنەگەیشتبێت، چونکە باوەڕ ناکەم مامۆستایەکی پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵ لە داڕشتنی پرسیارەکاندا هەڵە بکات."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

