رووداو دیجیتاڵ جۆرە چپسێک لە سلێمانی خراوەتە بازاڕەوە کە لە رێگەی دیارییەوە سەرنجی منداڵان رادەکێشێت. پسپۆڕێکی خۆراک دەڵێت، لە پشت ئەو دیارییانەوە مەترسییەکی گەورەی تەندروستی و فێڵێکی بازرگانی هەیە. تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ چپسەکە کردووە کە لە هەندێک ناوچەی باشووری کوردستان بەتایبەتی سلێمانی هەیە. چپسەکە بەو دیارییانەی لە نێویدایە، زیاتر سەرنجی منداڵان رادەکێشێت. لەشکر حەمید، پسپۆڕی خۆراک کە خۆی دانیشتووی سلێمانییە بە رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک چپس لە بازاڕ دا هەن کە لەسەر پاکەتەکەیان نووسراوە دیاریی تێدایە، بۆ ئەوەی زیاتر منداڵ هەڵبخەڵەتێنێت، بەڵام ناتەندروستە و کوالێتیی زۆر نزمە." لەشکر حەمید، خۆی چپسەکانی تاقیکردووەتەوە و ڤیدیۆی لەسەر تۆمار کردووە و دەڵێت: "کاتێک ئەو چپسانەم هەڵپچڕی، تێبینیم کرد بەشێک لەوانە هەر هیچ دیارییەکیان تێدا نەبوو، بەشێکیشیان ئەو دیارییانەی کە تێیاندایە، بەدەر لەوەی لە رووی بازرگانییەوە فێڵکردنە، لە رووی تەندروستیشەوە یاریکردنە بە تەندروستیی منداڵان." بەشێک لە چپسەکان بێ جیاکردنەوەیەکی تەندروست لە خۆراکەکە، 250 دینار پارەیان تێدایە. ئەو پسپۆڕەی خۆراک ئاماژەی بەوەش کرد: "توێژینەوەیەک هەیە دەری دەخات 90%ـی پارەکان لە پشکنینی میکرۆبی دەرناچن. نەک نابێت راستەوخۆ بەرکەوتەیان لەگەڵ خۆراک هەبێت، بەڵکو نابێت بەرکەوتەیان لەگەڵ دەستی ئەو کەسەش هەبێت کە خۆراکەکە دروست دەکات." ئەو دیارییانەی لە نێو چپسەکەدا بۆ منداڵان دەردەچن، جۆراوجۆرن؛ پارە، یاریی منداڵان و تەنانەت ماکیاژی کچانیشیان تێدایە. بە گوتەی لەشکر حەمید، کارگەی ئەو چپسە لە سەرانسەری عێراق هەیە، "لە سلێمانی و هەولێریش هەن، بەڵام زیاتر لە کەرکووک و مووسڵەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان." بەدواداچوون بۆ بڵاوبوونەوەی چپسەکە دەکرێت رووداو بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر قسەی لەگەڵ د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و گوتی، زانیارییان لەسەر ئەو جۆرە چپسە یان هەبوونی کارگەکە لە پارێزگاکە نییە، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەن. هاوکات بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانیش بە رووداوی راگەیاند: "شتێکمان سەبارەت بە هەبوونی چپسەکە نەبیستووە و هیچ سکاڵایەکیش لەو بارەوە تۆمار نەکراوە، بەڵام هەر شتێک راستەوخۆ تەندروستیی خەڵک بخاتە مەترسییەوە، ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و رێکاری بەرامبەر دەگرینە بەر." چپسەکە بە ناوی سەرنجڕاکێشەوە دەخرێتە بازاڕەوە جگە لە بەکارهێنانی دیاریی نێو چپسەکان بۆ راکێشانی سەرنجی منداڵان، ناوی سەر پاکەتەکەش بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێنرێت. ژیار لوقمان، دووکاندار لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ناوەکانی (تیکتۆک) یان (سناپ) و شتی هاوشێوە لەسەر پاکەتی چپسەکان دەنووسرێت و منداڵانیش بەو شێوەیە زیاتر دنە دەدرێن بیانکڕن." بە گوتەی ژیار لوقمان، کاتێک چپسەکە دەگەیێندرێتە دەستی دووکانداران، هاوشێوەی براندی کوالێتیی باش، لە نێو کارتۆن دا نییە، بەڵکو لە نایلۆنێکی شەفاف دا پێچراوەتەوە؛ بۆیە دیارە لە کارگەی بچووک دروست دەکرێن. ئەو دووکاندارە گوتی: "کوالێتیی چپسەکە زۆر نزمە، چونکە منداڵان دوای ماوەیەک لێی دەکشێنەوە، بەڵام دواتر بە ناوێکی سەرنجڕاکێشی دیکە دەخرێتەوە بازاڕەوە."
هەواڵە ناوخۆییەکان01-07-2026پۆلیسێکی خانەقین لێپرسراوەکەی بە سووکایەتی پێکردنی تۆمەتبار دەکات؛ 'پۆلیسەکە دەوام ناکات'
هەواڵە ناوخۆییەکان01-07-2026گرفتی شکانی بۆرییەکی ئاو لە گەڕەکی مامۆستایانی هەولێر؛ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بەڵێنی چاککردنی دەدات
هەواڵە ناوخۆییەکان01-07-2026وەزارەتی پەروەردە: هیچ هەڵەیەک لە پرسیارەکانی وانەی بیرکاریی پۆلی 12 و 9دا نییە