رووداو دیجیتاڵ
بنەماڵەی میر کەریم خانی برادۆست روونکردنەوەیەک لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی لە سەرکردایەتیی یەکێتی بڵاودەکەنەوە و رایدەگەیێنن و تەنیا لە کاری حیزبی و ئۆرگانی کشاوەتەوە و "پەیوەندییە مێژووییەکانیان" لەگەڵ یەکێتی وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە و وێنەیەکی دەست (تۆڕی میدیایی رووداو) کەوتووە، بنەماڵەی میر کەریم خانی برادۆست ئاماژە بەوە دەکەن، دوای دەستلەکارکێشانەوەی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی لە ئەندامێتیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، "بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە بەڕێزیان تەنیا دەستی لە کاری حیزبی و ئۆرگانی لە ریزەکانی یەکێتی کێشاوەتەوە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال و میر کەریم خان بنیادنراوە، بە پتەوی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، بنەماڵەی میرانی برادۆست وەڵامی ئەو دەنگۆ و نووسینانە دەدەنەوە کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێنەوە و دەڵێن: "چەند سایت و پەیج و ئەکاونتێکی بێ ناسنامە، نووسینی ئاستنزم و نەشیاو بڵاودەکەنەوە؛ لێرەوە رایدەگەیێنین کە ئەو جۆرە بۆچوونانە بە هیچ شێوەیەک گوزارش لە بۆچوونی میرانی برادۆست ناکەن و لێی بەرپرس نین."
بنەماڵەی میرانی برادۆست جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان "بە هیچ شێوەیەک جیاوازییان نەکردووە لەنێوان خەڵکی کوردستان بە گشتی و هەموو عەشیرەتەکان بە تایبەتی، لە داهاتووشدا لەسەر هەمان رێچکە بەردەوام دەبن."
فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا، کوڕەکەشی محەممەد فەیسەڵ برادۆستی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتییە لە پەرلەمانی کوردستان.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)