رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستکردنی رێگەی کۆڕێ – شەقڵاوە- قەندیل راگەیاند، هەموو کارەکانی تونێلی میراوە تەواو کراون و هەفتەی داهاتوو دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان و شۆفێران. راشیگەیاند: "چەندین خزمەتگوزاری مۆدێرنی بۆ زیادکراوە".
رۆژی پێنجشەممە، 02ـی تەممووزی 2026، هەڵگورد وەلی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ هەندێک رێکاری کارەبا ماون تەواو دەکرێن و کارەکانی تونێلەکە بە یەکجاری کۆتاییان دێت. کارەکانی پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بە شێوازێکی پێشکەوتوو و کوالێتییەکی بەرز جێبەجێ کراون."
لەبارەی تایبەتمەندییەکان و سەلامەتی تونێلەکەوە، هەڵگورد وەلی ئاماژەی بەوە کرد، باڵەخانەیەکی تایبەت بۆ کۆنتڕۆڵ و چاودێریکردنی بەردەوامی دۆخی ناو تونێلەکە دروستکراوە، تاوەکو لە هەموو بارودۆخێکدا ئاگاداری سەلامەتی شۆفێران بن.
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەست بە کارکردن لە تونێلەکە کرا، تاوەکو خزمەتگوزارییەکانی تەواو بکرێت. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی: "یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو بە تەواوی کارکردن لە هەردوو سەری تونێلەکە دەوستێت و ئەندەرپاسێکیش لەبەردەمی دروستکراوە، بودجەی پڕۆژەکەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێگەی کۆڕێ – شەقڵاوە- قەندیل جێبەجێکراوە، کە 90 ملیارە".
ئەم ساڵ چەندین خزمەتگوزاری بۆ تونێلەکە زیادکراون. هەڵگورد وەلی گوتی: "تونێلەکە بە چەندین شێوازی سەردەمیانە و پێشکەتوو رووناککراوەتەوە، سیستەمی ئاگرکوژێنەوە تێیدا جێگیرکراوە، کامێرای چاودێری و سیستەمی مۆدێرنی هەواگۆڕکێی بۆ دانراوە".
تونێلی میراوە درێژییەکەی 380 مەترە و شاری هەولێر بە دەڤەری سۆران و دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە. هەرچەندە ئەم تونێلە لە ساڵی 2014 بە رووی شۆفێراندا کرایەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە خزمەتگوزارییەکانی تەواو نەکرابوو و بە نیوەچڵی مابوونەوە.




