رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، ئەو سەوزانەیان لەنێو بردووە کە لە سنووری بازیان بە ئاوی پیس ئاودەدران. بەرپرسێکی کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت، لیژنەیەکی باڵا چاودێریی بەرهەمی سەوزە دەکات.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دا هاتووە، "لە چەند رۆژی رابردوودا لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان، ئەندامانی بنکەی بازیانمان کە لە لیژنەی قایمقامیەتی قەزاکەدان، بەشداربوون لە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوان بە مەبەستی لابردن و لەنێوبردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە بە ئاوی قورس و پاشەڕۆی کارگەکان ئاو دەدران".
عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی بەرهەمی کشتوکاڵی و لەنێویاندا سەوزەکان بە ئاوی پیس ئاو دەدەن، نەوەکو تێکدانی کێڵگەکان، بەڵکو خاوەنەکانیشیان دەدرێنە دادگە، چونکە ئەوەی دەیکەین دژی یاسایە و زیانە بۆ تەندروستیی گشتی".
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵمەتی لیژنەکان بۆ لەنێوبردنی هەموو ئەو کێڵگانە بەردەوام دەبێت، کە بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن.
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگیی کشتوکاڵی لە هەولێر، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەیەکی باڵا هەیە کە بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر سەرپەرشتی دەکات و بەردەوام بەسەر کێڵگەکاندا دەگەڕێن و چەندین کێڵگەیان لەنێو بردووە کە بە ئاوی پیس ئاو دەدران".
بەرپرسی چاودێریی گومرگیی کشتوکاڵی لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی لە توانای لیژنەکان بێت بۆ پاراستنی سەوزە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی نێوخۆ دەیکەن لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی دا.



