رووداو دیجیتاڵ
لە بەرامبەر گوندی زەڵم لە دەڤەری هەورامان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئاگرێک کەوتەوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
ئیسماعیل محەممەد، دانیشتووی گوندی زەڵم، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگرەکە ئێوارەی دوێنێ کەوتەوە بەرامبەر گوندەکەمان، زیانێکی زۆری بە ژینگەی ناوچەکەمان گەیاندووە و چەندین داربەڕوو سووتاون".
رائید زانیاری عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئاگرەکەوە دەیان دۆنم لە پووش و پاوان و داری سرووشتیی سووتاون".
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە گوتیشی، شەوی رابردوو ئاگرەکەیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە.
بۆ زانینی وردەکاری زیانەکان و هۆکاری ئاگرەکە، لیژنەیەک لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.


