رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ئامێدی رایگەیاند، لە سەنتەری شارەکەیان هیچ رووداوێکی کوشتن لە زیاتر لە سەدەیەکدا رووینەداوە. دەشڵێت، لە شەش مانگی رابردوو تەنیا یەک جیابوونەوەی هاوژینان تۆمار کراوە.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2016ـەوە لە قەزاکە نیشتەجێم تاوەکو ئەمڕۆ هیچ شەڕێکی تێدا نەکراوە تەقەی تێدا بکرێت".
بە گوتەی قایمقامی قەزای ئامێدی: "زیاتر لە 100 ساڵە هیچ رووداوێکی دووژمنداری لە شاری ئامێدی رووینەداوە، کە کەسێکی تێدا کوژرابێ".
لە سنووری قەزای ئامێدی لە ناحیە و گوندەکان شەڕ و کوشتن روویداوە، ئەوەی وارشین سەلمان ئاماژەی پێدەدات، سەنتەری قەزاکەیە.
قەزای ئامێدی زیاتر لە هەزار ماڵی تێدایە و دانیشتووانەکەی زیاترە لە چوار هەزار کەس.
وارشین سەلمان گوتی، لە سەنتەری ئامێدی کەمترین جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراوە، بە جۆرێکە لە شەش مانگی رابردوودا لە دادگە یەک جیابوونەوە تۆمار کراوە.



