رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بدرێت، ئەوەش بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی و کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.
بەپێی نووسراوێک کە لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش کراوە، بڕیاردراوە رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بدرێت بۆ ناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی هاوردەکردنەکە بەپێی ئەو کوالێتی و ستانداردە بێت کە لەلایەن وەزارەتەکەوە دیاریکراوە.
لە نووسراوەکەدا داوا لە هێزەکانی ئاسایش کراوە لە بازگەکاندا بە شێوەیەکی بەردەوام و لە تەواوی کاتەکاندا، ئاسانکاریی پێویست بۆ بازرگانان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، تاوەکو بتوانن بەبێ گرفت سووتەمەنی هاوردە بکەن و خواستی بازاڕ وەک پێویست دابین بکرێت.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا رووی لە بەرزبوونەوە کردبوو، ئەوەش نیگەرانیی لای شۆفێران دروستکردبوو.


