رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە دوێنێ هەینی، پلەی گەرما (3-2) پلە دادەبەزێت و ئەگەری نمەباران هەیە لە شەودا.
بەشی پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینیی نزمبوونەوەی پلەی گەرما دەکەن و ئەگەری نمەباران هەیە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سنووری پارێزگای دهۆک.
رۆژی شەممە، لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، بە رووداوی گوت: "لە رۆژانی داهاتوودا، پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلە، لە ئاستی ئاسایی ئەم کاتانەی ساڵ کەمتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت بۆ هەولێر و گەرمیان بەرزترین پلە لە نزیک سەرەتای چلەکان بێت و بۆ دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجەش لە کۆتایی سییەکان بێت."
بەگوێرەی گوتەکانی لوقمان موفتی، تاوەکو بەرزیی پلەی گەرما لە ئەورووپا بەردەوام بێت، پێشبینی ناکرێت شەپۆلی گەرمای بەهێز هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئەو شارەزایە روونی کردەوە، بەهۆی چالاکبوونی بای رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوا، ئەگەر هەیە پاشنیوەڕۆیان بڕێکی کەم تۆز دروست ببێت.
لەبارەی ئەگەری بارانبارینەوە، د. لوقمان موفتی دەڵێت: "ئەمڕۆ و چەند رۆژی داهاتوو ئەگەرێکی لاواز هەیە پاشنیوەڕۆیان هەندێک رێژنەباران بگاتە ناوچە کوێستانییە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هەولێر و دهۆک، بەڵام سەبارەت بە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان ئەگەری رێژنەی بەخوڕ هەیە لە چەندین شوێن."
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی یەکشەممە بە پلەی سیلیزی، بەم شێوەیە:
هەولێر: 40 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 39 پلەی سیلیزی
دهۆک: 40 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 41 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 40 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 40 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 40 پلەی سیلیزی
پیرمام: 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 32 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی


