رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق کوژرانی ئەفسەرێکی دەزگاکەی لە کاتی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک راگەیاند.
فەریق یەکەم روکن کەریم تەمیمی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، رۆژی یەکشەممە، 5ی تەممووزی 2026، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا گیانلەدەستدانی ملازمی یەکەم حەسەن خزەیر زغەیر-ی راگەیاند گوتی: "لە کاتی بەرگریکردن لە نیشتمان و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای کەرکووک، گەیشتە کاروانی شەهیدان."
فەریق یەکەم روکن کەریم تەمیمی لە پەیامەکەیدا دەڵێت هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە رووبەڕوووبوونەوەی چەکدارانی داعش.
کوژرانی ئەو ئەفسەرە لە کاتێکدایە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش چڕکردووەتەوە.
لە سنووری ناحیەی پردێ، هەردی زەینەڵ، تەمەن 35 ساڵ، خەڵکی گوندی قەزنەفەری سەر بە ناحیەی پردێیە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە. ئێوارەی رۆژی هەینی، بە مەبەستی ئاودانی گەنمەشامییەکەی چووەتە سەر زەوییەکەی لە نێوان سنووری یارمجە و بیبانی، بەڵام نەگەڕاوەتەوە و مۆبایلەکەشی کوژاوەتەوە.
دوای گەڕانێکی زۆریش ئۆتۆمبێلەکەی بە دووریی 10 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکە دۆزرایەوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
دوای ئەوەی گەڕانی شەوانەی هێزە ئەمنییەکان و کەسوکاری جووتیارەکە بێ ئەنجام بوو، لەگەڵ بەرەبەیانی رۆژی شەممە گەڕان بەدوایدا فراوانتر کرا. هەر زوو ئۆتۆمبێلەکەی هەردی لە نزیک گوندی "کتکە" دۆزرایەوە، نزیکەی 10 کیلۆمەتر لەو شوێنە دوورە کە لێی بێسەروشوێن بووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە، بەیانیی رۆژی شەممە، هێزێکی دژەتێرۆر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، لە بۆسەیەکدا لە سنووری پردێ چەکدارێکیان بە نیشانشکێن کوشت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو چەکدارە خەڵکی سنووری شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە و سەر بە گرووپی داعش بووە، کە ماوەیەکە سەرپەرشتی گرووپێکی چەکداری لە ناوچەکەدا دەکەن.
.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)